سێیەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی وڵاتەکە، هەڕەشەی ڕووخاندنی پردەکانی ئێران دەکات.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، ئەگەری هێرشکردنەوەی سەر ئێران کەمە ئەگەر بەرەوپێشچوون لە دانوستان لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی و کردنەوەی گەرووی هورمز ڕووبدات.
ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پێنج جار جەختی لە ناپێویستی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردەوە و گوتی: "دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بە واژۆکردن یان واژۆنەکردنی ڕێككەوتنێکی بەهێزەوە پەیوەستە، بەڵام پێموانییە پێویست بێت، ئەوان (ئێران) نەتەوەیەکی شکستخواردوون، ئەمساڵ ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابوورییان گەیشتووەتە 301%."
سەرەڕای جەختکردنەوە لە ناپێویستی هێرشکردنە سەر ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئامادەیی تەواوی سوپای وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووی ئێران دا و ئاشكرای کرد: "ئەگەر پێویست بکات، زۆر خراپ لێیان دەدەین، ئێستا سێ کەشتی فرۆکەهەڵگرمان لە ناوچەکە جێگیرە، ئەوەی دیکە ئێستا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەواو ئامادەین و دەتوانین لە ماوەی تەنیا یەک کاتژمێردا 38 پرد لە وڵاتەکە خاپوور بکەین."
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای سەرکەوتنە مێژوویەکەی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس و کۆنتڕۆڵکردنی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران دێت، کە تێیدا زۆربەی شارەزایان و شیکەرەوانی سیاسی شکستی کۆمارییەکانیان بۆ جەنگەکەی ئێران گەڕاندووەتەوە.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ئێستادا ترەمپ لە ژێر فشاری بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدایە بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە و وێستگە ئەتۆمییەکانی ژێر 'چیای کلنگ' لە ئێران. لە نوێترین پێشهاتەکاندا، ئەمریکا زیاتر لە 100 فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر، فڕۆکەی بارهەڵگری جەنگی و یەکێک لە دەگمەنترین فڕۆکە هەواڵگرییەکانی خۆی ناردووەیەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە جگە لەوەی ئەمڕۆ سێیەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری 'یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤڵت' گەیشتە ناوچەکە.