بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان هۆشداری دەداتە شۆفێران كه‌ هەر کەسێک لە کاتی وەرگرتنی سووتەمەنیدا لە وێستگەکان بێ مۆڵەت ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت، دەستبەجێ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان لە ئاگادارییەکی فەرمیدا بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان، ئەم بڕیارە نوێیەی بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەشێک لە هاووڵاتییان لە کاتی وەرگرتنی بەنزیندا ئۆتۆمبێلەکانیان دەدەنە دەست ئەو کەسانەی کە مۆڵەتی لێخوڕینیان نییە یان تەمەنی یاساییان تەواو نەکردووە.

 

هاتووچۆی گەرمیان پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕەفتارە پێچەوانەی یاسایە، هەر بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر و تاکوو ئێستاش دەست بەسەر گەلێک ئۆتۆمبێلدا گیراوە.

 

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی قەرەباڵغی وێستگەکانی سووتەمەنی، چەندین سەرپێچیی هاوشێوە لەلایەن مێرمنداڵان و کەسانی بێ مۆڵەتەوە تۆمار کراون کە مەترسییان بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.