لە پەلامارێکی تیرۆریستیدا لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردندا، کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش کوژرا و ئەفسەرێکی تر بریندار بوو؛ هاوکات دەزگاکانی ئاسایش دەستگیرکردنی دەستبەجێی هێرشبەرەکەیان ڕاگەیاند.
ئهمڕۆ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی دەنگوباسی پێترای ڕاگەیاند، کاتژمێر 12:20ی پاشنیوەڕۆ لە شەقامی مەدینە مونەوەرەدا، چەکدارێک بە کەرەستەی تیژ (چهقۆ) هێرشی کردووەتە سەر کارمەندی ئاسایش عەریف جەواد عەلی خەلەف سەلیتە و دەستبەجێ گیانی سپاردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، دەستەیەکی هێزەکانی ئاسایش دەستوەردانی خێرایان کردووە و پاش ڕووبەڕووبوونەوە توانیویانە هێرشبەرەکە دەستگیر بکەن؛ هاوکات ئەفسەری بەرپرسی ئێشکگرییەکە لە دەموچاویدا بریندار بووە و باری تەندروستیی جێگیرە؛ لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکانیش دەیسەلمێنن کە هێرشبەرەکە پێشوەختە نەخشەی بۆ بەئامانجگرتنی کارمەندانی ئاسایش کێشاوە.
ئوردن لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی شانە نووستووەکانی تیرۆر و پەلاماری لەناکاو بۆ سەر هێزەکانی ئاسایش بووەتەوە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی ناچار کردووە بەرزترین ئاستی وریایی لە شارە سەرەکییەکاندا بگرنە بەر و بپارێزن.