لە شارۆچکەی قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێردا، پڕۆژەیەکی بنەڕەتی و گرنگی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی بە درێژایی زیاتر لە 21 هەزار مەتر، بە ئامانجی پاراستنی ناوچەکە لە مەترسی لافاو جێبەجێ دەکرێت.

 

ئەمڕۆ لاپەڕەی فەرمی پارێزگای هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێردا، دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی لە شارۆچکەی قوشتەپەدا بەردەوامی هەیە و وەک ژێرخانێکی سەرەکی بۆ ڕێگریکردن لە لافاو دادەنرێت.

 

پڕۆژەکە لە 6 ئاوبەری سندووقی (بۆکس کەلڤەرت) بە درێژاییی 1,995 مەتر، ئاوەڕۆی سندووقی یەکچاوە بە پێوانەی 2.5 بە 3 مەتر بە درێژایی 700 مەتر و هەروەها ئاوەڕۆی لوولەیی چیمەنتۆیی بە درێژاییی 18,340 مەتر بە تیرەی جیاواز پێک دێت، کە بە تەواوبوونی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە گەڕەکە کەمداهاتەکاندا چارەسەر دەکات.