سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پەیامی فەرمیی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد و داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییهكان کرد کە ناکۆکییەکانیان لە ڕێگەی وتووێژەوە لە نێو پەرلەماندا چارەسەر بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەرلەمانی بە دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتیکردنی خواستی گەل دانا و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەرێک بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی ڕامیاری و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری لێکگەیشتن.
ناوبراو دووپاتی کردەوە کە وتووێژ، سازان و هاوبەشی نێوان تەواوی هێزەکان بنەمای سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانە، هەروەها پاراستنی ئارامی و سەقامگیرییش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.
پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر له دوو ساڵ لە وەستانی دانیشتنەکانی، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی کراوەدا دەستەی سەرۆکایەتی نوێی بۆ خولی شهشهمی هەڵبژارد و دەستی بە کارە دەستوورییەکانی کردەوە.
دهقی بڵاوكراوهكه:
پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەم. پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتيی ئیرادەی تهواوى خەڵکی کوردستانە، پێویستە هەموو هێزە سیاسیيەکان بەشداريی کارای تیادا بکەن و بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە؛ ناکۆکی و جیاوازیيەکان لەوێ چارەسەر بکەن.
هیوادارم ئهم ههنگاوه يارمهتيدهر و هاندهر بێت لە تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و ڕەخساندنی زهمينهيهكى باشتر بۆ لێکگەیشتن و هاریکاریی زیاتری نێوان ههموو لایەنە سياسييهکان.
دووپاتى دهكهمهوه كه گفتوگۆ، سازان و هاوبهشيى نێوان تهواوى هێزە سیاسییەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانن، سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/11/4