پارێزگاری هەولێر بە ئامانجی کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی کەمی کارەبای نیشتمانی لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، خشتەیەکی نوێی کارکردنی بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان لە سنووری ناوشاری هەولێردا دیاری کرد.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر و سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە تایبەتەکاندا کۆبووەوە و بڕیار درا سەرجەم مۆلیدەکان پابەندی کاتەکانی کارکردن بن.
بەپێی خشتە نوێیەکە، مۆلیدەکان بەیانیان لە کاتژمێر 7:00 تا 9:00 و پاشنیوەڕوان و شەوان لە کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ تا 1:00ی شەو لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن، هاوکات کارکردن لە دەرەوەی ئەم خشتەیە بۆ خاوەن مۆلیدەکان هەژمار ناکرێت.
ئەم بڕیارە بەپەلەیە دوای ئەوە هات کە بە هۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە شارۆچکەی چەمچەماڵ و وەستانی بەرهەمهێنان، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد.