لە ئەوروپا کۆبوونەوەی لووتکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی پێشەنگی پیشەسازیی جیهان دەستی پێکرد، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی پێکدادانە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە پاریس دەستیان بە گفتوگۆ کردووە و دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری سەرەکی دەبێت، فەرەنسا جەختی لە پرسی ئاسایشی دەریایی لە گەرووی هورمز و کێشەکانی کەرتی وزە کردووەتەوە.
هاوکات دۆخی لوبنان و چارەنووسی هێزە نێودەوڵەتییەکان بە یەکێک لە بابەتە لەپێشینەکان دادەنرێت، هەروەها نوێنەرانی چەندین دەوڵەتی دیکەی وەک بەڕازیل، کۆریای باشوور، میسر و سعودیە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا بانگهێشت کراون.
بەشداریکردنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم دانیشتنانەدا، دەرفەتێکە بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەکان تا هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتی نوێی واشنتن لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بکەن. ئەم دیدارە هاوکاتە لەگەڵ دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە کەنداو، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ.
گرووپی حەوت (G7) هاوپەیمانییەکی سیاسی و ئابوورییە لە نێوان 7 وڵاتی گەورەی پیشەسازیی جیهان، ئەم گرووپە بۆ هاوئاهەنگکردنی سیاسەتە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکان و گفتوگۆ لەسەر کێشە جیهانییەکان پێک هاتووە.
ئەندامانی گرووپی حەوت بریتین لە:
ئەمریکا
بەریتانیا
فەرەنسا
ئەڵمانیا
ئیتاڵیا
ژاپۆن
کەنەدا
گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ماوەی ڕابردوودا گەیشتە لووتکە، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و لە بەرامبەردا داخستنی گەرووی هورمز بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوتی لە ئاستی جیهاندا لێکەوتەوە، ئەم دۆخە ترسی قووڵی لەلای هاوپەیمانانی ئەمریکا دروست کرد سەبارەت بە سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی ئابووری.
گرووپی حەوت (G7) لەسەر دۆخی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆ دەبنەوە
کورتە
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە پاریس کۆ دەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕاگرتنی شەڕ.