ئەمریکا لە چوارچێوەی زیادکردنی هێزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەگمەنترین فڕۆکەی خۆی ناردە ناوچەکە و لە ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی توانای سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران دەبێتەوە.
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پشت بەستن بە ماڵپەڕی چاودێری ئاسمانی Flight Radar 24 ئاشكرایان کرد، سوپای ئەمریکا بۆیەکەمجار فڕۆکەی جۆری (ئاڕ سی - 135یو)ـی ناردە بەڕیتانیا و دواتریش لەوێوە گەیشتە ناوچەی بەرپرسیارەتی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی زانیارییەکانی پاڵپەڕی 'ئەیر ئەند سپەیس فۆرسس ماگەزین'، ئەمریکا تەنها دوو فڕۆکەی (ئاڕ سی - 135یو)ـی لە جبەخانە هەیە. فڕۆکەکە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری وردی هەواڵگری لەسەر سیستەمی بەرگری ئاسمانی و ڕاداری دوژمن هەیە، کە لە ڕێگەیەوە دەتواندرێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی فریو بدات و بیانپچڕێنێت تاوەکو ڕێگە بۆ هێرشی فڕۆکەی ئاسمانی خۆش بکات.
ئەم هەوڵانەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ناردنی زنجیرەیەک لە هێزی سەربازی زیاترە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند هەفتەی ڕابردوو. پێشووتر کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئیسرائیل (کان) ئاشكرای کردبوو، ئەمریکا زیاتر لە 80 فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر و 10 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی ئەمریکی ناردووەتە بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، سەرەڕای بۆردوومانکردنی وێستگە ئاسمانییەکانی ئێران، وڵاتەکە تا ئێستا وەک هێزێکی گەشەسەندووی ئاسمانی ماوەتەوە. لە کاتی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستان ئاسا)، ئێران توانیبووی لە ڕێگەی بەکارهێنانی جی پی ئێس و ئامێرەکانی دیکەی ئەلیکترۆنی جەنگی، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پەکبخەن.
جگە لە بەکارهێنانی جی پی ئێس و ئامێرەکانی دیکەی ئەلیکترۆنی جەنگی، ئێران لە ئێستادا سوود لە ژمارەیەک مانگی دەستکردی ڕووسیا وەردەگرێت.
بەر لە دەستپێکی هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش، سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی فراوانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران دەکەن. وەزارەتی جەنگ و (سێنتکۆم) چاوەڕوانی فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکان تا دەست بە هێرشەکان بکەنەوە.