ئەمریکا یەکێک لە گەورەترین باری سەربازی ناردە ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی و کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئیسرائیل (کان)، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوو زیاتر لە 80 فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر و 10 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی ئەمریکی لە بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی نەگێڤ لە وڵاتەکە نیشتوونەتەوە.

ئەو دوو کەناڵە ئیسرائیلییە باسیان لەوە کردووە، جگە لە ئیسرائیل، شەپۆلێکی دیکەی فڕۆکەی جەنگی لە هەر یەک لە وڵاتەکانی ئوردن، سعودیە، قەتەڕ و کوەیت نیشتوونەتەوە تا بەرگری ئاسمانی لە ناوچەکە پتەوتر بکەن.

کەناڵی کان ئاشکرای کردووە، 10 فڕۆکە بارهەڵگرەکە لە بنکەی فۆرت بلیس لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکاوە فڕیون و لە هەردوو بنکەی ئاسمانی (عۆڤدا) و (نەڤاتیم) نیشتوونەتەوە، پێشبینیش دەکەن فڕۆکەکان کەرەستەی تایبەت بە سیستەمی بەرگری ئاسمانییان هەڵگرتبووبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەندین ڕۆژە سەرچاوە هەواڵگیرییە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان ئاماژە بە ئامادەکارییەکانی هەردوو وڵات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە دژی ئێران دەکەن، پێشبینی دەکرێت هەر زوو دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی هێرشکردن بدات.