لە عێراق جووڵەیەکی دیپلۆماسیی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە داراییەکان دەستی پێکرد و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

 

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ پێشه‌وا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (واع)ـی ڕاگەیاند مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان.

 

لە میانەی کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆی چڕ لەبارەی دۆسیەی بودجەی گشتیی و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتە ناکۆکەکان ئەنجام دەدرێت، شاندی هەرێمی کوردستان جەخت لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان دەکاتەوە بەپێی دەستووری عێراق و ڕێککەوتننامە سیاسییەکان بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی مافە یاساییەکان.

 

پرسی بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین دۆسیەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵی و سەرەڕای ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵە، هێشتا بەشێک لە کێشە تەکنیکی و ژمێریارییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراون و وەکو خۆیان مانەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە، مووچە و نەوت و چەندین بابەتی دیکە سەردانی بەغدا دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆ دەبێتەوە.