کۆریای باشوور کۆمپیوتەرێکی نوێ کە نزیکەی 8500 چیپسێتی خێراکەر لە خۆدەگرێت ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ کۆریای باشوور پەردەی لەسەر جۆرێکی نوێی سوپەرکۆمپیوتەر بە ناوی (کۆمپیوتەری باڵای نیشتمانیی شەشەمی هانگان) لادا، ئەم کۆمپیوتەرە 24 جار لە کۆمپیوتەری (نوریون) بەهێزترە، کە لە ساڵی 2018ـدا بۆ توێژینەوەکردن لەسەر 1730 بابەتی جیاواز بەکار هێنرابوو.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم ئامێرە 8496 چیپسێتی خێراکەری (NVIDIA GH200)ـی تێدایە، تواناکەی 614.7 پێتافلۆپسە، واتە توانای ئەنجامدانی 614.7 کوادریلیۆن چالاکیی هەیە لە یەک چرکەدا، بەمەش بووەتە پێشەنگی کۆمپیوتەرە زۆر خێراکانی جیهان.
لە تاقیکردنەوەی (TOP500) کە بۆ پێوانەکردنی خێرایی کۆمپیوتەرەکان بەکار دێت، ئەم کۆمپیوتەرە کۆرییە توانی خێراییەکەی بگاتە 342.6 پێتافلۆپس و پلەی 12ـیەمی جیهان بەدەست بهێنێت. لە 14ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵیش بۆ بەکارهێنان بەم شێوازەی خوارەوە بەردەست دەبێت:
• 55٪ بۆ زانست
• 30٪ بۆ پڕۆژە نیشتمانییەکان
• 15٪ بۆ پیشەسازی
پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2027 ئەم کۆمپیوتەرە لەگەڵ دانەیەکی دیکەی جۆری (IonQ Tempo) بلکێندرێت. ئەمەش وا دەکات توانای فرەکاریی زیاتر بێت و کارکردن دابەش بکرێت بەسەر هەردوو ئامێرەکەدا، بەجۆرێک دانەیەکیان بەرپرسیار بێت لە دابینکردنی وزە و ئەوەی دیکەش ئەنجامدانی چالاکییەکان.
هۆکاری دواکەوتنی دروستکردنی ئەم کۆمپیوتەرە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی خواست و نرخ لەسەر چیپسێتەکان بەهۆی بەرەوپێشچوونی خێرای جۆرەکانی ژیریی دەستکردەوە، لە ئێستادا کۆریای باشوور بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی چەندین جۆری دیکە لەم کۆمپیوتەرە خێرایانە و بەهۆی کەمیی کەرەستە سەرەتاییەکانیش لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، هانای بۆ وڵاتانی دەرەوە بردووە.