شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و سەرما بەشە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، بەفربارین ناوچە شاخاوییەکان بگرێتەوە.

 

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی دووشەممە 9-11-2026 لە کاتەکانی بەیانیدا تەم لە چەند ناوچەیەک دروست دەبێت و لە نیوەڕۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.

 

کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کاریگەریی بارستەهەوایەکی ساردەوە پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن و ئەگەری بەفربارین لەسەر لووتکە و قەدپاڵی ناوچە شاخاوییە بەرزە سنوورییەکان هەیە.

 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و مەودای بینین لە کاتی تەمدا بۆ 1 تا 3 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە و لە دوای نەمانی تەمەکەش بۆ 5 تا 8 کیلۆمەتر زیاد دەکات.

 

کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كردووه‌، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزن و بەرزترین پلەی گەرماش لە هەولێر و چەمچەماڵ 15 پلە، لە گەرمیان و هەڵەبجە 17 پلە و لە سلێمانی و زاخۆ 12 پلە دەبێت.

 

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ نووسراوه‌، لە پارێزگای دهۆک و شارۆچکەکانی پیرمام و ئاکرێ بەرزترین پلەی گەرما 11 پلە دەبێت، لە کاتێکدا لە شارەدێی حاجی ئۆمەران دادەبەزێت بۆ 6 پلەی سیلیزی.

 

هاوکات هەڤاڵ سه‌دیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی پێشبینی دەکات درەنگانی ئەمشەو بەفربارین ناوەندی شارەدێی حاجی ئۆمەران بگرێتەوە.

 

ناوبراو لە ڕێگەی وێنەی مانگەدەستکردەکانەوە ئاشکرای کرد، هەورەبروسکەی چڕی باراناوی گەیشتووەتە ئاسمانی گەرمیان، ڕۆژئاوای سلێمانی، سۆران، هەڵەبجە و پارێزگای دهۆک.

 

ئەو شارەزایەی کەشناسی هۆشداری دەدات لە کاتی چڕبوونەوەی هەورەکەڵەکەبووەکان ئەگەری بارانی بەخوڕ و تەرزە لە هەندێک شوێن و ناوچەدا لە ئارادایە.

 

لەلایەکی ترەوە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییە گەورەکانی کەشوهەوا و ڕایگه‌یاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بارستەهەوایەکی وشک و سارد لە باکوورەوە دەگاتە ناوچەکە.

 

ئاراس جەبار ڕوونی کردەوە، بارانبارینی پچڕپچڕ تا درەنگانی ئەمشەو بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوام دەبێت و بەفر لە ناوەندی حاجی ئۆمەران و ناوچە شاخاوییەکانی بەرزیی 1600 مەتر دەبارێت و پاشان شەپۆلەکە کۆتایی دێت.

 

ئەم شارەزایە جەخت دەکاتەوە، سبەی دووشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما 3 تا 4 پلەی تر دادەبەزن و لە شەودا لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ 0 پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە.

 

ئه‌و شاره‌زایه‌ی كه‌شناسی ئاماژەی بەوەش کرد، کاریگەریی ئەم شەپۆلە ساردە تا ڕۆژی هەینی 13-11-2026 بەردەوام دەبێت و کەشوهەوا بەتەواوی بەجێگیری دەمێنێتەوە.

 

لە کۆتاییی پێشبینییەکانیدا، ئاراس جەبار ئاشكرای ده‌كات، كه‌ لە 14ی مانگەوە بەرزەپاڵەپەستۆیەک کەشوهەوا جێگیر دەکات تا 20ی مانگ، پاشان ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین لە دوای 20-11-2026 هەیە.