بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی هەولێر ئامادەباشی تەواوی دەستەکانی بۆ شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ ڕاگەیاند؛ هاوکات تیشکی خستە سەر ئەو پێشکەوتن و پەرەپێدانە گەورەیەی لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە بواری فریاگوزاریدا کراوە.
ئەمڕۆ عەقید شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی هەولێر لە لێدوانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم کابینەیەکی زێڕین بووە بۆ بەرگریی شارستانی؛ بەهۆی دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی نوێ، لەوانە پەیژەی 100 مەتریی ڕزگارکردن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوە کە دەستەکانیان لە وڵاتی چیندا ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانیان کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، دەستەکانیان لە هەماهەنگیی بەردەوامدان لەگەڵ دەستەی کەشناسیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بارانی بەخوڕ کە بڕیارە لە ڕۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەمەوە دەست پێبکات؛ هاوکات ئامادەکارییەکان بە پاککردنەوەی ڕێڕەوی ئاوەڕۆکان و دەرچە سەرەکییەکان لەو شوێنانەی ساڵانی ڕابردوو ئاویان لێ کۆ دەبووەوە تەواو کراون، تا مەترسی لافاو کەم بکرێتەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هۆشداریی دا بە هاووڵاتییان و شۆفێران لە ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە شوێنە مەترسیدارەکانی وەک شەقامی 100 مەتریی سەروو فامیلی مۆڵ، دەوروبەری یاریگەی فرەنسۆ هەریری و چواردەوری پردی سەیداوەدا؛ هەروەها داوای لە بنەماڵەکان کرد منداڵەکانیان لە چەم و کەندەکان دوور بخەنەوە.
بەرگریی شارستانیی هەولێر دووپاتی کردەوە کە هێڵە گەرمەکانی 115 و 125 بە درێژاییی 24 کاتژمێر لە خزمەتی هاووڵاتییاندان؛ هاوکات جەختی کردەوە کە هۆشیاری و هاوکاریی خەڵک لە ڕانەگرتنی ئۆتۆمبێل لە شوێنە نزمەکاندا، مەرجی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو.