لە لووتکەیەکی نێودەوڵەتیدا هۆشداریی توند لەبارەی چوونە نێو قۆناغێکی نوێ و مەترسیداری کەشوهەوا درا، لە کاتێکدا دیاردە سروشتییە سەختەکان بوونەتە دۆخێکی باو لە جیهاندا.

 

ئەمڕۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسی کەشوهەوای کۆپ 31 لە تورکیا ڕایگەیاند، هەسارەی زەوی پێی ناوەتە سەردەمێکی نوێ لە دیاردە توندەکانی کەشوهەوا، بەهۆی تێکەڵبوونی گەرمبوونی لەڕادەبەدەری دەستکردی مرۆڤ لەگەڵ دیاردەی سروشتیی ئیلنینیۆی بەهێز.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد، ڕژدییەتی تەواو نیشان بدەن بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی گواستنەوە بەرەو وزەی پاک، هاوکات دابینکردنی هاوکاریی دارایی و پاراستنی پێویست بۆ ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

 

هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییە، ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، تۆمارەکانی گەرمای بێوێنە لە ساڵی 2026 لەگەڵ توانەوەی سەهۆڵبەندان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت وەک یەکێک لە گەرمترین ساڵەکانی مێژوو هەژمار بکرێت.

 

سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف هۆشداریشی دا، بەهێزیی دیاردەی ئیلنینیۆ لەوانەیە پلەکانی گەرما زیاتر بەرز بکاتەوە و دۆخە سەختە کەشوهەواییەکان تا ساڵی 2027 درێژەیان هەبێت.

 

ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی پاریس بۆ کەشوهەوا، ئامانجی سەرەکیی سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوییە لە خوار 1.5 پلەی سیلیزی، بەڵام دەردانی بەردەوامی گازە گەرمکەرەوەکان هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بەرەو ئاڵۆزی بردووە.