وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو لە پڕۆژەی ئیفراز پاش وەستانێکی کاتی کەوتنەوە کار و بڕیارە تاوەکو سبەی بەیانی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە سەرجەم گەڕەکەکانی شاری هەولێردا ئاسایی ببێتەوە.
ئهمڕۆ ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگهیاند، لە كاتژمێر 1ی شەوی ڕابردووەوە وێستگەکانی پاڵاوتن دەستیان بە کار کردووەتەوە و ناردنی ئاو بۆ نێو شاری هەولێر دەستی پێکردووەتەوە، هاوکات پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریش خراوەتەوە گەڕ.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە پڕۆژەی ئیفراز 2 کێشەیەکی کەمی کارەبا بە هۆی دۆخی کێڵگەی کۆرمۆرەوە دروست ببوو، بەڵام تیمه تەکنیکییەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنین و بە بەستنەوەی کارەباکە، تەواوی وێستگەکان بە توانای تەواوەوە کار دەکەن.
ڕاگرتنی دابەشکردنی ئاو لە ههولێر دوای ئەوە هات کە شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بهخوڕ و لافاو شارهكهی گرتەوە و بە هۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەست دا و سەدان کەسیش زیانلێکەوتوو بوون، ئەمەش وای کرد بۆ پاراستنی چۆنایەتی و پاکی ئاوی خواردنەوە، وێستگەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دابخرێن.