هێمن هادییه سوور، یەکێک لە گیراوانی پێشووی ڕووداوەکهی لالەزار، لە پەیامێکی تونددا لە شاری هەولێرەوە وەڵامی لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دایەوە.
ئەمڕۆ هێمن هادی لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی لە جێگەی هەموو خەڵک و لایەنەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەدات، لە کاتێکدا دەبوو ڕێز لە تێکۆشانی پارتە سیاسییهكانی دیكه و دەنگی دەنگدەران لە پەرلەماندا بگرێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، ناوبراو تیشکی خستووەتە سەر چەندان پرسی ئهمنی، دارایی و سەربازی لە شاری سلێمانی و ڕەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ نەیارانی سیاسی و چارەنووسی دەستبەسەرکراوان گرتووە.
هێمن هادییه سوور هۆشداری دا کە بڕیارەکانی سەرۆکی یەکێتی دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ویستی زۆرینەی هاووڵاتییان و داوای لێ دەکات لە سنووری حزیبهكهی خۆی زیاتر دەرنەچێت.
دهقی قسهكانی:
بە ناوی خوای مەزن
سڵاو لە خوشک و برا بەڕێزەکانم
دەمەوێت لە لایەن خۆمەوە وەڵامێکی بافڵ تاڵەبانی بدەمەوە؛ ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی جگە لە سلێمانی، یەکێتی کردە خاوەنی هەرێمی کوردستان و لە جێگەی هەموو کەس و لایەنێک بڕیاری دا.
بە لای منەوە، چاوەڕوانم دەکرد لە کاردانەوەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا، بێ گوێدانە بۆچوون و پلانی خۆی، دەستخۆشی لە لایەنی بەرانبەر بکردایە و ستایشی بۆ هەنگاو و بەرەنجامەکەی هەبووایە؛ دواجار ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە هێشتا گوێڕایەڵی ئەون، بەرەو پەرلەمانی کوردستان بەڕێی بکردنایە و ئەو دەنگەی لە کاتی بانگەشەدا لەژێر کاریگەریی پەیمانەکانیدا کۆیان کردبووەوە، لە ناو هۆڵی دانیشتندا داکۆکییان لێ بکردایە؛ دواتر چۆن بڕیاری کشانەوەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدا، با بیدایە؛ جا بە هەر ناونیشانێک بێت، بەرهەڵستکاربوونی (ئۆپۆزیسیۆنبوونی) خۆی ڕاگەیاندایە. تا ئێرە بابەتێکی حیزبییە و هیچ کەسێکی وەک ئێمە، تەنانەت لایەنە ڕامیارییەکانیش مایەی گلەیی و گازندەیان بەرانبەری بە دەستەوە نەدەبوو، لە هەمان کاتدا بە هیچ جۆرێک لۆمە نەدەکرا کە لەم قۆناغە هەستیارەدا دەست لە هاوبەشیکردنی ئەو حکوومەتە هەڵبگرێت، کە بناغەی هەلومەرجی مانەوەیان بووە تا ئێستا لە پێگەی بڕیاردان و دەسەڵاتدا.
بەڵام کاتێک گوێ بە تێکۆشان و قوربانیدانی ئەو هەموو پارت و لایەنە ناکۆکانەی وەک سۆسیالیست و شیوعی و بزووتنەوە ئیسلامییەکان و پارتی نادات و دەڵێت هەرێمی کوردستان هیی یەکێتییە و لە ئێستا بەدواوە خۆمان ئاگامان لە خەڵکی خۆمان دەبێت، سوێندیش دەخوات و بە بیرمان دەهێنێتەوە کە لە خەمی هەموو پارچەکانی کوردستاندایە، ناچارم دەکات لێرەدا بڵێم: بوەستە! بوەستە کاکە بزانم باسی خەمخۆری و کام ئاگالێبوونە دەکەیت؟ وەک چارەنووسی مستەفا سەلیمی و یاسین بۆڵوت و ئەفشین و دەنیز و فەرهاد بارش و بەهزاد خوسرەوی، هەر لە بێسەروشوێنکردن و ڕادەستکردنەوەیانەوە تا بێدەنگیتان لە ئاست تیرۆرکردنیاندا؟ یان چوونە سەر بارەگاکانیان و تێکدانی هێلانە و تاڵانکردنیان؟ یان لە بەتاڵکردنەوەی پاشەکەوتی بانکیی خەڵکی ڕەنجبەر لە بانکەکاندا؟ یاخود لە چەوساندنەوە و بێپارەکردنی زۆربەی زۆری کۆمپانیا و بەڵێندەرەکاندا؟ یان لە گەورەکردنی هێزی چەکدار و دەزگا هەواڵگرییەکان بە پارەی کۆکراوەی خاڵە سنوورییەکان؟ یان بە بەفیڕۆدان و تاڵانکردنی سەرخان و ژێرخان و زەویی کەنار چەم و ڕووباری شارۆچکە و شارەدێ و شارەکان؟ یاخود کاتێک پەیمانی خوێننەڕشتن دەدات، ئەی کام وەڵام دەبەخشێت بە گیانی مەلا عەبدوڵای قەسرێ و هاوەڵەکانی و ستەملێکردنیان؟ کام وەڵام دەبەخشێت بە گیانی موراد و هاوکار جاف و پێشمەرگە شەهیدەکانی تر؟ کام وەڵام دەبەخشێت بە گیانی مستەفا و ڕێکار و بێسەروشوێنەکان و چەندان کەسی لێقەوماوی گیانلەدەستداو لە ڕووداوە لێڵ و گوماناوییەکاندا؟ ئاخۆ چۆن ئاگای لە خەڵکی ئەو سنوورە دەبێت کە بە زەبری هێز و چاوقایمی، خۆی کردووەتە خاوەنی؟ وەک ئەوەی گەورەترین هێزی کۆکراوەی کرد بە گژ لالەزاردا؟ وەک ئەو نادادییەی لەگەڵ کاک لاهوور و هاوڕێکانی پەیڕەویان کرد؟ وەک ئەو هەڵسوکەوتە دڕندانە و نامرۆڤانەیەی لەگەڵ ئێمەی دەست و چاو و پێبەستراو و بێکەسی ناو بەندیخانەدا پەیڕەویان کرد؟
خۆ من ناڵێم پێش ئەو ڕووداوانە، ئەو سنوورە شامی شهریف بووە، بەڵام لە دوای ئەو خۆسەپاندنە، دەسەڵاتی تەواوی قۆستەوە و دۆخێکی زۆر خراپتری هێنایە ئاراوە، بە جۆرێک کە بەراوردکردنیان ئەستەمە. ئەو لە سنووری گەندەڵی تێپەڕی کرد و نامەوێت ڕیزیان بکەم؛ قسەی ڕۆژنامەنووسان و کەسانی یاخی و هۆشیاری بۆ دەیان بارە ناکەمەوە؛ کاتێک سنوورەکانی بەزاند و دەستی بردە ناو مشتی ئەملاولا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارەیەی کە هەزاران قوربانی بناغەیان بۆ داڕشتووە، خۆی خستە زۆنگاوی فاشیزم و بێمنەتی بەرانبەر بە خودا و خەڵک و مێژوو. جا کاتێک ئەمانە وەک دیمەن دێنەوە بەرچاو و بیرم، ناچارم پێی بڵێم:
ئەوەی باسی دەکەیت لە خاوەندارێتی و بەمافزانینی خۆت بە کەرتکردنی هەرێم، بە بەکارهێنانی وتەی هەندێک کەس، دەستدرێژییە بۆ سەر ویستی زۆرینەی هەرەزۆرمان؛ با دەسەڵاتیشت 100 هێندەی توانا و هێزی گەل بێت لە ئێستادا، بەڵام هەر پێت دەڵێم: تۆ لێت تێک چووە برادەر! سەرکردایەتیی پارتەکەی خۆت دەستکراوەی کردووی نەک تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان؛ هەر لەبەر ئەوە وریابە و لێت تێک نەچێت، لە چوارچێوەی بڕیاری حیزبی و فەرمانکردن بە دەستەکەت بەولاوە مەڕۆ، پێ بە قەدەر بەڕەی خۆت ڕابکێشە و لەوە زیاتر پێ مەپەڕێنە.
هێمنی هادییە سوور، یەکێک لە گیراوانی لالەزار
هەولێر