حکومەتی عێراق دەنگۆی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی یان سەپاندنی هەر جۆرە سنووردارکردنێک بەسەر گەشتە فڕۆکەوانییەکاندا ڕەت کردەوە، و دڵنیایی دا کە سەرجەم ڕێڕەوە ئاسمانییەکان کراوەن.

 

ئەمڕۆ حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر هاتووچۆی ئاسمانی عێراقدا دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە؛ هاوکات دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقیش دووپاتی کردەوە کە گەشتەکان بەپێی ڕێوشوێنە فەرمییەکان و بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن.

 

شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کردووه‌، ئاگادارییە نێودەوڵەتییەکەی فڕۆکەوانی (NOTAM) تەنیا بۆ دیاریکردنی ناوچەیەکی زۆر سنووردار بووە بە مەبەستی ڕاهێنانی سەربازیی ساڵانەی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی بە گولـلەی ڕاستەقینە لەنێوان 7 بۆ 11ی تشرینی دووەمدا؛ ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بە واتای داخستنی ئاسمان یان پەککەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک نایەت.

 

ئەم ڕوونکردنەوە فەرمییانەی بەغدا دوای ئەوە دێن کە بەهۆی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، بەردەوام مەترسی لەسەر بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ پەلامارە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئارادایە.