ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر لێدوانە سەربازییەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

 

ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە هەولێر و دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لێدوانی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیان دژی هەرێمی کوردستان بیستووە.

 

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارانە، ئەم ڕێکارانە پێچەوانەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵین و پێشێلکردنی ماددەکانی دەستوورن، هەروەها جەخت دەکەنەوە، ئەم هەنگاوانە ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا لاواز دەکەن و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان زیاتر دەخەنە ناسەقامگیرییەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا دووپات کراوەتەوە، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن بێت لە سەروەریی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژە بەوەش دەکەن بەکارهێنانی زمانی هێز و سەربازی خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات.

 

لە کۆتاییشدا پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن لەم هەلومەرجە سەختەدا بە هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکگرتوو پارێزگاری لە قەوارە و دەستکەوتەکانی هەرێم بکەن.

 

لێدوان و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی سەربازی و جێبەجێکاری عێراق لەبارەی دۆسیەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان، کاردانەوەی فراوانی پارت و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە. سەرجەم لایەنەکان جەخت لە دوورکەوتنەوە لە زمانی هێز و گەڕانەوە بۆ دەستوور دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.