بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر وادەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵانی دیاری کرد و بۆ وەرگرتنی نەوتەکە، هاووڵاتییان ئاگادار کردەوە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتییانی قەزای هەریر و هەردوو ناحیەی باسرمە و بالیسانی ئاگادار کردەوە، ئەوانەی کە کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنییان لەم بریکارانەی خوارەوەیە هەیە دەتوانن سبەی پێنجشەممە 19-11-2026 بڕی 100 لیتر نەوتی سپی لەم بەنزینخانانەی خوارەوە بە نرخی 32 هەزار دینار وەربگرن:

1- بەنزینخانەی ڕەزگە
2- بەنزینخانەی سورسورە
3- بەنزینخانەی ڤانێس
4- بەنزینخانەی  سەربار

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دا هاتووە، بۆ وەرگرتنی نەوتەکە، پێویستە هاوڵاتییان کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی لەگەڵ خۆی ببات بۆ بەنزینخانە.


ئەمە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکانی پارێزگای هەولێردا گەیشتبووە 400 هەزار دینار، بەڵام لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی سپیی بازرگانی لە هەولێر بۆ 372 هەزار دینار دابەزیوە.

بەگوتەی سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر کە بۆ پایتەخت میدیا قسەی کردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکەی بەغدا، نرخی نەوتی بازرگانی ڕووی لە دابەزین کردووە و پێشبینی دەکرێت 50 هەزار دینار لە نرخەکەی دابەزێت، بەڵام بەهۆی مەترسیی هێرشکردنە سەر ناوچەی جۆرف سەخر نرخی گازوایل بەرز بووەتەوە.