مەکتەبی سیاسیی حزبێکی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا لەوەی هەنگاو و ئاڕاستە سیاسییەکانی ئێستای عێراق دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێم خزمەت بە سەقامگیریی سیاسی ناکەن.
ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، ڕاگەیەندراوی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەو ئاڕاستە سیاسییەی لە عێراقدا دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکرێت، خزمەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ناکات.
بە گوتەی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، ئەو جۆرە هەنگاوانە زیان بە سەقامگیریی سیاسی دەگەیەنن، هاوکات ڕوونیشی کردەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ئەرکێکی نیشتمانیی هاوبەشە و پێویستی بە ڕێکاری دەستووری هەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە، هەر بڕیار و یاسایەک لە دەرەوەی تایبەتمەندیی دەسەڵاتی فیدراڵی بێت و پێشێلی تایبەتمەندیی دەسەڵاتی هەرێم، پارێزگاکان و دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا بکات، پێچەوانەی دەستوورە.
هەر بۆیە پێویستە سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر بکرێن، لە کۆتاییشدا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردووە لە چوارچێوەی دەستووردا بە یەکگرتوویی بەرەنگاری هەر پێشێلکارییەک ببنەوە دژی مافەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان.