دادگایەکی شاری لاهای لە هۆڵەندا بڕیارێکی کاتی و بەپەلەی دژی کۆمپانیای چینیی بی وای دی (BYD) دەر کرد و فرۆشتن، دروستکردن و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بی وای دی تی 7 (Ti7)ـی لە تەواوی یەکێتی ئەوروپادا قەدەغە کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی لە زاری دادگای ناوچەییی شاری لاهایەوە بڵاویانکردەوە، کە دادوەر لەسەر سکاڵای کۆمپانیای جاگوار لاند ڕۆڤەر (JLR)ـی سەر بە کۆمەڵەی تاتا مۆتۆرز، بڕیاری قەدەغەکردنەکەی دەر کردووە.
بەپێی بڕیارەکە، 10 کۆمپانیا و لقی ئەوروپیی سەر بە بی وای دی دەبێت دوای هەفتەیەک لە ئاگادارکردنەوەی فەرمی، هەموو بازرگانی و فرۆشتنێک بەو ئۆتۆمبێلەوە ڕابگرن و تەنانەت نابێت لە کارگە نوێیەکەی هەنگاریاشدا بەرهەم بهێنرێت.
دادگا لە ڕوونکردنەوەکەیدا گوتی: "لەم ڕێکارە بەپەلەیەدا، دادوەر بڕیاری دا کە بی زای دی تی 7 پێشێلکاری دەکاتە سەر نەخشەسازیی تۆمارکراوی جاگوار لاند ڕۆڤەر لە یەکێتیی ئەوروپادا، چونکە بەشە دیار و جیاکەرەوەکانی نەخشەسازییەکە لە بی وای دی تی 7دا ڕەنگیان داوەتەوە."
دادگا ئەوەشی خستە ڕوو، کە شێوەی شانی ئۆتۆمبێلەکە، گۆشە بازنەیییەکان، پارچەی تەنیشتی دوای دەرگای دواوە، بڕینی چوارچێوەی چەرخەکان و ڕێڕەوی پەنجەرەکان هەمان سەرسوڕمان و کاریگەریی دیفێندەر دروست دەکەن و جیاوازییەکانی چرا و پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە.
لە ئەگەری پابەندنەبوون بە بڕیارەکە، بی وای دی ڕووبەڕووی سزای داراییی ڕۆژانەی 100,000 یۆرۆ یان 25,000 یۆرۆ بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک دەبێتەوە، تا کۆی گشتی سزاکە دەگاتە 10 میلیۆن یۆرۆ؛ هاوکات دەبێت جاگوار لاند ڕۆڤەر لە ماوەی 6 مانگدا پەڕاوی یاسایی سەرەکی بکاتەوە، ئەگەرنا قەدەغەکردنەکە هەڵدەوەشێتەوە.
سەرەڕای ئەم گورزە یاسایییە، بڕیارەکەی دادگای لاهای بەریتانیا ناگرێتەوە، چونکە دادگا دەسەڵاتی دادوەری بەسەر لقی بەریتانیی بی وای دیدا نییە، بۆیە نەخشەی گەیاندنی تی 7 بۆ کڕیارانی بەریتانیا لە کانوونی دووەمی 2027دا بە نرخی 47,995 پاوەند بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا نرخی دیفێندەر لەوێ بە 71,840 پاوەند دەستپێدەکات.
کۆمپانیای جاگوار لاند ڕۆڤەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگهیاندووه، كه ئێمە خاوەندارێتیی هزریی خۆمان دەپارێزین و لە کاتی پێویستدا ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر، ڕێکارەکانیش بەردەوامن.
لە بەرامبەردا بی وای دی تانە لە بڕیارەکە دەدات و لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "بی وای دی تی 7 بەرهەمی کاری نەخشەسازیی سەربەخۆی خۆمانە و هیچ مافێکی جاگوار لاند ڕۆڤەری پێشێل نەکردووە، هەموو ڕێگەیەکی یاساییش دەگرینە بەر بۆ سەلماندنی هەڵەبوونی ئەم بڕیارە."
پێشتریش کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان چەندین جار کۆمپانیا چینییەکانیان بە لەبەرگرتنەوەی نەخشەسازی تاوانبار کردووە، کە دیارترینیان سەرکەوتنی جاگوار لاند ڕۆڤەر بوو لە ساڵی 2019دا لە دادگایەکی پەکین دژی لەبەرگرتنەوەی نەخشەسازیی ڕەینج ڕۆڤەر ئیڤۆک.