سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنەکانی عێراق دەکات، لەم دۆخەدا، بە دانایی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکرێت.

 

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە و تیاییدا هاتووە: "بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی عەلی زەیدی،  فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقمان بيست."

 

بەگوتەی نێچیرڤان بارزانی، هێشتا گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامە.

 

سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی سوپای عێراق بۆ دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی ڕەت دەکەینەوە؛ ئه‌زموون سەلماندوویەتی کە ئەم شێوازه‌ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێکدا نییە."

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەڵێ، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێكگه‌يشتن بێت.

 

نێچیرڤان بارزانی داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات، بە دانایی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن. چونکە هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و ڕێزگرتن لە دەستوور و فيدراڵى.