ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە فعلییەکان دیاری دەکات و لە بەرامبەردا کۆمەڵێک پابەندیی دارایی و وزەیی دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی خۆجێیی.
بە گوێرەی زانیارییە فەرییەکان، ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان بە ڕێژەی 12.7%ی کۆی خەرجییە فعلییەکان دیاری کردووە، بەمەش بودجەی خەمڵێنراوی هەرێم دەگاتە 12.86 ترلیۆن دینار واتە 5.9%ی کۆی گشتیی بودجەکە.
لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە هەناردەکردنی ڕۆژانەی 445,000 بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، یان ڕادەستکردنی بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە کاتی وەستانی هەناردەدا.
سەرباری ئەمە، پڕۆژەکە هەرێم ناچار دەکات داهاتە نانەوتییەکان و گازی زیادەی ناوخۆ ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات، هەروەها قەدەغەی دەکات بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی هیچ گرێبەستێکی نەوت و گاز واژۆ بکات.
سەبارەت بە قەرز و شایستە داراییەکان، ڕەشنووسەکە بڕی 9.3 ترلیۆن دیناری بۆ یەکلاکردنەوەی شایستەکانی نێوان ساڵانی 2004 تا 2026 دیاری کردووە و دەبێت لە ماوەی 7 ساڵدا ساڵانە نزیکەی 1.33 ترلیۆن دینار پاکتاو بکرێت، بەبێ ئەوەی لایەنی قەرزدار دەستنیشان بکرێت.
هاوکات هەرێمی کوردستان دەبێت قەرزی 3.4 ترلیۆن دیناری بانکی بازرگانیی عێراقی لە ساڵی 2027ەوە لە ڕێگەی بڕینی مانگانەی نزیکەی 41 ملیار دینار لە پشکەکەی، بۆ ماوەی 7 ساڵ بداتەوە، لە کەرتی وەزیفەشدا، هەموو دامەزراندنێکی هەمیشەیی و گرێبەست لە هەرێمدا ڕاگیراوە و پلە بەتاڵەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە، تەنها لە چوارچێوەی 70,000 گرێبەستی مەدەنیدا لەسەر ئاستی عێراق، پشکی هەرێم بە نزیکەی 8,900 گرێبەست مەزەندە دەکرێت.
لە بوارەکانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریدا، پڕۆژەکە 1.5 ترلیۆن دیناری بۆ پترۆدۆلار و 3.5 ترلیۆن دیناری بۆ پڕۆژە بەردەوامەکانی ئاوەدانکردنەوە تەرخان کردووە و هەرێمی کوردستانیش تێیاندا بەشدارە، لە پاڵ پێدانی قەرزی ئاژانسی 'جایکا'ی ژاپۆنی بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و تەرخانکردنی 1 ملیۆن دۆلار لە قەرزی تەندروستی بۆ هەرێم، هەروەها بڕی 2.33 ترلیۆن دینار بۆ کڕینی وزە لە هەرێمی کوردستان دانراوە، لە کاتێکدا هەرێم خۆی 970 ملیار دینار قەرزی هاوردەکردنی وزەی لەسەرە و پڕۆژەکە هیچ پاکتاوکردنێکی لە نێوان ئەو بڕانەدا نەکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، جیاوازییەک لە نێوان خەمڵاندنی داهاتی نەوت بە 400,000 بەرمیل و پابەندکردنی هەرێم بە هەناردەکردنی 445,000 بەرمیل ڕۆژانە هەیە، سەرەڕای نەبوونی ئەو خشتەیەی مادەی 10 ئاماژەی بۆ کردووە بۆ وردبینیکردنی خەرجییە سیادییەکان.
پرسی پشکی هەرێمی کوردستان، دۆسیەی نەوت و گاز و چۆنیەتیی هەژمارکردنی خەرجییە سیادییەکان لە ساڵانی ڕابردووشدا خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا بوون لە پەسەندکردنی یاساکانی بودجەی عێراقدا، هەر ڕەشنووسێکی بودجە پێویستە دوای گفتوگۆی لایەنەکان و تێپەڕاندنی قۆناغەکانی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق، پەسەند بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.