پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێشنیار دەکات، لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی و نێودەوڵەتییەکانەوە ڕێگری لە حکومەتی عێراق بکرێت.
ئەمڕۆ د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوی لەبارەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بڵاوکردەوە و تیێدا هاتووە: "بەداخەوە هەنگاوەکانی لەقاڵبدان و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە قۆناغێکی نوێوەوە، بەجۆرێک کە ڕاستەوخۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت وەک تەواوی پارێزگاکانی عێراق کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستانیش بکات."
سەبارەت بە دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، د. فەرهاد تۆفیق دەڵێت: "هەر لەسەرەتاوە ئێمە گوتمان بە وتە و بەڵێن و نمایشەکانیان تێمەکەون و هەرکەسێکیان دەسەڵاتی هەبێت لەوەی پێشتر خراپتردەبێت و ئێستاش ئەنجامەکەی دەردەکەوێت."
بەگوتەی گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، "دەمێکە گوتوومانە ئەو عەقڵیەتەی لەبەغدا حکوم دەکات، هەمان ئەو عەقڵیەتەیە، کە بەدرێژایی مێژوو دژی کورد و مافەکانی کوردبووە و هیچ کاتێک هیچ دەرفەتێک لەدەست نادەن بۆ کەمکردنەوە و مافەکانمان."
لە ماددەکانی (111, 112, 114, 115, 121) دەستووری عێراقدا مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، د. فەرهاد تۆفیق ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندی سنووردار کردووە و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بابەتە فیدراڵییەکانی وەک نەوت و وزە و گومرگییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم دیاری کردووە.
لەبارەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: "نابێت سەرکردایەتی سیاسیی کورد بچێتە ژێرداخوازییە پاوانخوازییەکانی سەرۆکوەزیران و بەغداوە."
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەزووترین کات تیمێکی یاسایی شارەزا پێکبهێنێت و لەڕێگەی دادگا فیدڕاڵی و نێودەوڵەتییەکانەوە ڕێگەی لەم خواست و هەوڵانە بگرن.
لە کۆتاییدا، د. فەرهاد ڕەفیق ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بەرەیەکی هاوبەش و هەنووکەیی دروست بکرێت، لەگەڵ پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان.