هەیبەت حەلبووسی لەبارەی بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ لایەنێک لە سەرووی دەستوور و یاساوە نییە و هەمووان پابەند دەکرێن بە دەستوور.
ئەمڕۆ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بڵاوکردەوە و تیێدا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەنە پێش هەموو شتێکەوە، لە زمانی تووند دووربکەونەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق ناکات، کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەپێی چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان."
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوو حکومەت، هەیبەت حەلبووسی گوتی: "هەر ناکۆکییەک پێویستە بخرێتە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی کە ئەرکی لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکانی لەئەستۆیە."
بەگوتەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەستوور بەرزترین و باڵاترین یاسای وڵاتە، و حوکمڕانی کاری هەموو دەسەڵاتەکان دەکات، چ لەسەر ئاستی فیدراڵی بێت یان هەرێمی یان خۆجێیی.
هەیبەت حەلبووسی ئاماژەی بەوە کرد، ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت دەستدرێژی بکاتە سەر دەستوور، چونکە هیچ کەسێک لە سەرووی دەستوور و یاساوە نییە، پابەندبوون بە دەستوور بژاردەیەکی سیاسی نییە کە بکەوێتە ژێر سازشکردنەوە، بەڵکو ئەرکێکی پابەندکەرە بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هاتووە، ئەنجوومەنی نوێنەران پابەندە بە پەسەندکردنی بودجەیەکی بەرنامەیی دادپەروەر و یەکسان، کە مافی هەمووان دەستەبەر بکات لە دابەشکردنی سەرچاوە و سامانەکان لە نێوان سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراقدا بەبێ جیاکاری بەدیبهێنێت.