دامەزراوەی یاسادانانی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا لەوەی ڕێکارە تاکلایەنەکان و لێدوانە میدیاییەکانی ئەم دواییەی بەغدا کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخەنە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بە نیگەرانییەوە دەڕواننە ئەو ڕاگەیەندراوەی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە و پێشێلی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستووری ساڵی 2005 سیستەمی حوکمڕانیی عێراقی بە فیدراڵی دیاری کردووە و دانی بە هەرێمی کوردستاندا ناوە وەک هەرێمێکی فیدراڵیی خاوەن دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری.
سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش داوە، هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستەمە فیدراڵییە و هەمیشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ماف و ئەرکە دەستوورییەکان ڕێکخستووە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پاراستنی پێگەی دەستووری و دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێم بە ئەرکێکی نیشتمانی و دەستووری دەزانێت.
هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، هەر ڕێکارێک لە دەرەوەی ڕێگە دەستوورییەکان، پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لەنێوان ئاستی فیدراڵی و هەرێمدا، بە بڕوای سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەو جۆرە هەنگاوانە گیانی هاوبەشی و ڕێککەوتنی نیشتمانی لاواز دەکەن و لەبری چارەسەر، دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەبەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پێشوازی لە هەر هەوڵێک کراوە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە پێشێلکارییە یاساییەکان، بە مەرجێک لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا بەرکارەکان و بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە، یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەبێت لە ڕێگەی دەقەکانی دەستوورەوە بێت نەک لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاکلایەنە، لە کۆتاییشدا داوای لە سەرجەم دامەزراوە فیدراڵییەکان کردووە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پابەندبوون بە دەستوور بکەنە بنەمای چارەسەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییانی عێراق.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دوای بڕیار و لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەغدا دێت سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆربەی لایەن و دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێم بە ڕاگەیەندراوی جیاواز جەختیان لە پابەندبوون بە دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ کردووەتەوە.