سەرۆکی پارتێکی سیاسیی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەڵوێست و لێدوانەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا دەربڕی.

 

ئەمڕۆ محەمەد سەعدەدین ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان ڕایگەیاند، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆیان لە هەڵوێست و لێدوانەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا دەردەبڕن، ڕوونیشی کردەوە، ئەو هەڵوێستانە پێچەوانەی دەستوور و ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانن و وەک هەنگاوێکی مەترسیدار لێی دەڕوانن.

 

بە گوتەی محەمەد سەعدەدین ئیلخانی، پێکهاتەی تورکمان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات و بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی دەستووری هەڵوێستی خۆی دەبێت.

 

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، پشتیوانیی خۆی و پارتەکەی بۆ پەیامەکەی مەسعود بارزانی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، ئەو پەیامە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەکات بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە.

 

هاوکات، داوای لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد لەم قۆناغە هەستیارەدا ڕیزەکانیان یەکبخەن، ئامانج لەو یەکڕیزییە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکاندا.