خوێندنی باڵا بڕیاری دا وەرگرتنی پارە لە قوتابییانی سەرجەم زانکۆ و کۆلێژە حکومی و تایبەتەکان ڕابگرێت، تاکوو دانوستانەکانی تایبەت بە پڕۆژەی بەخۆکارکردن (بەئۆتۆماتیکیکردن) یەکلادەکرێنەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق لە بڵاوكراوهیهكدا ڕایگهیاند، كه بڕیارەکە بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەکانی لێژنهی وەزاریی تایبەت بە بەدواداچوونی پڕۆژەی بەخۆکارکردنی وەزارەت دەرچووە.
وەزارەتهكه لە ڕاگەیەندراوەکەیدا گوتی: "بڕیار درا وەرگرتنی بڕە پارە لە قوتابییان لە سەرجەم زانکۆ و کۆلێژە حکومی و تایبەتەکاندا ڕابگیرێت."
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕوونیشی کردەوە، کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەدواداچوونی پرسەکە و تەواوکردنی دانوستانەکانە لەگەڵ کۆمپانیای پەیوەندیداردا.
خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق ئاماژهی بهوهشدا، كه ڕاگرتنی وەرگرتنی پارەکە بەردەوام دەبێت تاکوو یەکلاکردنەوەی دانوستانەکان و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو.
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کۆتاییی ڕاگەیەندراوەکەیدا دووپاتی کردەوە کە سوورە لەسەر بەدواداچوونی ئەم بابەتە بە شێوەیەک بەرژەوەندیی قوتابییان ڕەچاو بکات و مافەکانیان بپارێزێت.
پڕۆژەی بەخۆکارکردن لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق هەوڵێکە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری کارگێڕی، دارایی و زانستیی زانکۆکان، کە تێیدا زیاتر لە 100 سیستەم و لە سەروویانەوە سەکۆی (HEPIQ) خراونەتە کار.
ئەو بڕە پارەیەی وەرگرتنی ڕاگیراوە کرێی خوێندن نییە، بەڵکوو کرێی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی سەکۆی (HEPIQ)ـە کە ساڵانە 66 هەزار دینار بوو و ناڕەزایی قوتابییانی لێ کەوتبووەوە.
سەرەڕای گرنگییەکەی، جێبەجێکردنی سیستەمەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی تەکنیکی و کارگێڕی بووەتەوە، لەوانە لاوازیی ئینتەرنێت، کەمیی ڕاهێنان، بەکارهێنانی کاغەز و ئەلیکترۆنی پێکەوە و پاراستنی ئاسایشی زانیاری.