بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان پەیامێک دەداتە خەڵکی کوردستان و دەڵێ، بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی لەبەرامبەریان بوەستن.
ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە و تیاییدا هاتووە: " ئەوەی ڕوو دەدات بۆ دەستبەسەرداگرتنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان، لامان پێشبینی کراو بوو."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، خەریکە ئەو هەڕەشانە دەچنە قۆناغی کرداری و ڕەنگدانەوەی نەرێنییان لەسەر ڕەوشی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری خەڵکی کوردستان دروست کردووە.
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات، ئەو مەترسی و هەڕەشانە بە جددی بە وەربگرن و بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی لەبەرامبەریان بوەستن.
لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان بە خوێنی سەدان هەزار شەهید بەدیهاتووە و موڵکی هیچ حیزب و لایەن و گرووپێکی دیاری کراو نییە، بەڵکوو موڵکی هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستانە بەبێ جیاوازی.
سەبارەت بەرگری کردن لە خاکی هەرێمی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت: "پێمان وایە وەک ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی ئەخلاقی پێویستە لە بەرامبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانە بوەستین بە یەکدەنگی و تەبایی و یەکڕیزییەوە."