چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاز دەکات، کێشەکانی بەغدا و هەولێر لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن و دەڵێ، دەبێت مافە دەستوورییەکان پارێزراو بن.
ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە و تیێدا هاتووە: "پاراستنی سامانەکانی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بەرپرسیارێتییەکی دەستووری و نیشتمانیی هاوبەشە، هەروەها سامان و تواناکانی عێراقییەکان هێڵی سوورن و ناکرێت سازشیان لەسەر بکرێت."
سەبارەت بە کێشەکانی هەولێر و بەغدا، چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێ، گرنگە بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، بابەتی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و دەروازە سنوورییەکان، هەروەها چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە یەکلایی بکرێنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی چوارچێوەی هەماهەنگی، پێویستە ئەم هەنگاوانە بە جۆرێک بن کە مافە دەستوورییەکان بپارێزرێن و یەکێتیی بڕیاری نیشتمانیش تێیدا پارێزراو بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی ئەم ڕێکارانە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت، لە ڕێڕەوی پاراستنی سامانی گشتی و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمان و تێوەگلاوان.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕوونکراوەتەوە، پێویستە لێکۆڵینەوەکان لە ڕێگەی لایەنە دادوەری و چاودێرییە تایبەتمەندەکانەوە بەپێی چوارچێوە یاساییەکان بکرێت، هەروەها دڵنیابوونەوە لە دەربازنەبوونی هیچ لایەن و کەسایەتییەک لە لێپرسینەوە.