لەگەڵ تەواوبوونی ڕێکارە ئیدارییەکان بڕیارە تاوەکو ڕۆژی شەممەی داهاتوو بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانی بگات و پرۆسەی دابەشکردنەکە لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێبکات.

 

ئەمڕۆ سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە دوێنێوە ڕێکارەکان تەواو بوون و چاوەڕوانی گەیشتنی بەشە نەوتەکە دەکەن،  پارێزگای سلێمانی خۆیان نووسراویان بۆ حکومەتی عێراق کردووە بۆ ناردنی بەشەکە.

 

سەلام عومەر ئاماژەی بەوە کرد،‌ سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنەکە دەکرێت و ئەگەری هەیە لە پێنجوێنەوە بێت، هەروەها بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان بەشە نەوتییەکان ڕەوانەی ناوچەکان دەکرێن.

 

سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشکردن و نرخی بەشە نەوتەکە، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئەوەی خستە ڕوو،‌ دابەشکردنەکە بە کارتی کۆبۆن دەبێت و تانکەرەکان لە ناو کۆڵانەکاندا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی دەکەن، هەروەها ئەگەری هەیە نرخی 100 لیتر لە نێوان 31 بۆ 33 هەزار دینار بێت، چونكە کرێی گواستنەوە دەچێتە سەر نرخەکە.

 

هاوکات لە لای خۆیەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، تاوەکو ڕۆژی شەممە نەوتەکە دەگاتە پارێزگا و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.