دایک و باوکی هێلیا فەتاحی تەمەن 19 ساڵ لە شاری سنەی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان لەسەر کوشتنی کچەکەیان دەستگیر کران و لە لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکاندا دانیان بە تاوانەکەدا ناوە؛ ڕووداوەکە ئێوارەی شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، لە گەڕەکی نایسەری شاری سنە ڕوویداوە.

 

ئەمڕۆ سەرهەنگ شەهرام عەبدی، سەرۆکی پۆلیسی لێکۆڵینەوەی تاوانه‌كان بە دەزگاکانی هەواڵی ئێرانی ڕاگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕێگەی ژمارە 110ەوە لە مردنی گوماناویی کچێکی 19 ساڵان، لێکۆڵینەوەی تایبەت دەستیپێکرد و تاوانی کوشتنەکە پشتڕاست کرایەوە.

 

ناوبراو ڕوونی كرده‌وه‌، كه‌ لە لێکۆڵینەوەکاندا دایک و باوکی کچە کوژراوەکە دانیان بە کوشتنی کچەکەیاندا نا و ناکۆکی خێزانییان وەک هۆکاری تاوانەکە ناو برد، ئێستاش پەڕاوەکە و گومانلێکراوان ڕادەستی دەزگا دادوەرییەکان کراون.

 

سەرۆکی پۆلیسی لێکۆڵینەوەی تاوانەکان و ڕاگەیاندنە خۆجێیییەکانی ئێران ئەو دەنگۆیانەیان بە ناڕاست دانا کە باس لەوە دەکەن کچە کوژراوەکە تەمەنی 16 ساڵ بووبێت؛ ئەو بەرپرسە ئه‌منییه‌ دووپاتی کردەوە کە تەمەنی ڕاستەقینەی کچەکە 19 ساڵ بووە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی بێبنەما دەبێتە هۆی شێواندنی ڕای گشتی.

 

لە لایەکی دیكه‌وه‌، بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کوژراوەکە ناوی هێلیا فەتاحی بووە و بە دەستی باوکی (وریا فەتاحی) و دایکی (لەیلا وەیسی) بە بیانووی 'ئابڕوو' کوژراوە.

 

ئه‌و ڕێکخراوه‌ ئاشكرای كردووه‌، كه‌ هێلیا دوای پەیوەندی لەگەڵ کوڕێک 2 مانگ دووگیان بووە و هەفتەی ڕابردوو بابەتەکەی بە خێزانەکەی گوتووە.

 

بەپێی بڵاوکراوەکەی هەنگاو، ڕۆژی شەممە دایک و باوکی دوای سەردانکردنی دادگا و تۆمارکردنی سکاڵا، گەڕاونەتەوە ماڵەوە و سەرەتا نزیکەی 30 دەنک دەرمانی دژەگەشکەیان پێ داوە و بەتوندی لێیان داوە؛ کاتێکیش زانیویانە هێشتا زیندووە، بە دانانی سەرین لەسەر دەموچاوی خنکاندوویانە و دوای گەیشتنی دەستەی فریاکەوتنی پزیشکی دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، به‌پێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نەبوونی یاسای کاریگەر بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژیی خێزانی و بوونی سزای سووک بۆ تاوانەکانی کوشتن بە ناوی ئابڕووەوە لە یاسای سزادانی ئێراندا، بووەتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە تاوانانە.