دوای زیاتر لە 2 هەفتە لە بێبارانی، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرما و بەفر بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە و ئەگەری دروستبوونی لافاویش لە هەندێک ناوچەدا هەیە.

 

ئەمڕۆ هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە و بەدیاریکراوی لە ڕۆژی یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026ەوە، کەشوهەوای هەرێم گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا دێت.

 

ئەو شارەزایەی کەشناسی بۆ پایتەخت ڕوونی کردەوە، کە ئەو بەرزەپەستانەی ئازۆرییەی زیاتر لە 2 هەفتە بوو ڕێگری لە بارانبارین دەکرد، پاشەکشە دەکات و دەرگا بۆ هاتنی نزمەپەستانەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست و دەریای سوور دەکاتەوە.

 

بە گوتەی هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شەپۆلەکە بارانبارینی مامناوەند بۆ بەهێز، هەورەبرووسکە و تەرزە دەهێنێت و هەموو ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ پێشبینیش دەکرێت کاریگەریی ئەم شەپۆلە نزیکەی هەفتەیەک و تاکوو ڕۆژی 5ی کانوونی یەکەمی 2026 بەردەوام ببێت.

 

ناوبراو بۆ پایته‌خت میدیا گوتی: "ئەو بارانەی لە سەرەتای مانگی 12دا دەبارێت، قەرەبووی بێبارانیی 2 هەفتەی ڕابردوو دەکاتەوە." هۆشداریشی دا کە هەرچەندە بارانێکی بەسوود و پڕپیت دەبێت، بەڵام ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچەدا هەیە.

 

هاوکات لەگەڵ بارانبارینەکەدا، بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری ڕوو لە باکووری میسر، وڵاتانی شام، باکووری سعودیە، عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و بە هۆی ئەم شەپۆلە ساردەوە پلەکانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی هەرێمدا هەیە.

 

شارەزاکەی کەشناسی بۆ پایتەخت میدیا ئاشکرای کرد، كه‌ ئەگەر ڕێژەی بارانبارین لە مانگی 12دا زیاد بکات و شێ بەرز ببێتەوە، ئەگەری دروستبوونی تەمومژ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمدا زیاد دەکات.

 

ئەوەشی خستە ڕوو کە دوای هاتنی بارستەهەوا ساردەکان، دیاردەکانی شەختە و ئاورنگ بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەر دەکەون.

 

سەبارەت بە وەرزی زستان لە هەرێمی کوردستان کە لە نیوەگۆی باکووری زەویدایە، ڕوونی کردەوە کە شەوی 21 لەسەر 22ی کانوونی یەکەمی 2026، لە کاتژمێر 11:50 خولەکی شەو بە کاتی هەولێر و بەغدا، وەرزی زستان بە شێوەی ئەستێرەناسی دەستپێدەکات.

 

هەروەها قۆناغی 'چلەی زستان' لە 15ی کانوونی دووەمەوە دەستپێدەکات و تاکوو 25ی شوبات بەردەوام دەبێت؛ لە ڕووی ئەستێرەناسییەوە زستان تا 21ی ئازار درێژ دەبێتەوە، بەڵام لە ڕووی کەشوهەواوە لە 1ی کانوونی یەکەمەوە تاکوو 1ی ئازار هەژمار دەکرێت.

 

هۆکاری دابەزینی پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تیشکی خۆر بە شێوەیەکی نیمچەلاری بەر نیوەگۆی باکووری زەوی دەکەوێت و بەم هۆیەوە شەوانی زستان لە وەرزەکانی بەهار و هاوین درێژترن، بەڵام لە ناوەڕاستی کانوونی دووەمەوە ڕۆژ بەرەبەرە درێژتر دەبێتەوە تا 21ی ئازار.

 

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی زستان، دابەزینی پەستانی هەوایە کە ڕێگە بۆ هاتنی نزمەپەستانەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست، دەریای سوور و دەریای ڕەش خۆش دەکات؛ بەو هۆیەوە لە زۆربەی زستانەکاندا ناوچە شاخاوییەکان بەفری باشیان لێ دەبارێت و ناوچە دەشتایییەکانیش بارانێکی باشی لێ ده‌بارێت.

 

لەسەر ئاستی سروشت و ژینگە، وەرزی زستان بە قۆناغی سڕبوون و متبوونی زۆربەی دارەکان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا و هه‌روه‌ها بە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرماوە، بەشێکی زۆری دارەکان گەڵاکانیان هەڵدەوەرێنن تا وەرزی داهاتوو.

 

لە هەمان کاتدا، زستان دەبێتە وەرزی سڕبوون بۆ بەشێک لە زیندەوەرەکان، بەتایبەتی خشۆکەکانی وەک مار و دووپشک، ئەو زیندەوەرانە لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوادا لەژێر خاکدا خۆیان دەشارنەوە و تا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما نایەنە دەرەوە.

 

هەرێمی کوردستان لەگەڵ باکووری ئەفریقا، وڵاتانی شام، نیمچەدوورگەی عەرەبی و عێراق لە ماوەی زیاتر لە 2 هەفتەی ڕابردوودا لەژێر کاریگەریی بەرزەپەستانی ئازۆریدا بوو؛ ئەم دۆخە وای کردبوو شەپۆلە بارانبارینەکان نەتوانن بگەنە ناوچەکە و کەشوهەوا بە وشکی بمێنێتەوە.