حکومەتی فیدراڵ ژمارەیەک بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، سەرۆک بارزانی دەڵێ، هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری هیچ كەس و لایەنێك.

 

ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی ڕاگەیەندراوی لەبارەی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ بڵاوکردەوە و تیێدا هاتووە: " گەلی كوردستان خەباتێكی دوورودرێژی لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانیدا هەبووە، هەر لە ئەنفال و كیمیابارانەوە بگرە هەتا تێكدانی هەزاران گوند و دەركردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە كوردنشینەكان و دەیان تاوانی گەورەی تر كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. بەڵام گەلی كوردستان ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و بە خوێن و قوربانیدانی خۆی لەدژی هەموو چەشنە ستەمكارییەك وەستایەوە."

 

سەرۆک بارزانی لەبارەی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ دەڵێت: "ماوەیەكە لە ناوەندەكانی بڕیاری عێراقیدا جمووجۆڵ وهەڵچوونێكی ناسرووشتی لەدژی هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت، كە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی بنەماكانی فیدراڵییەت و دەستووری عێراق و پشتگوێخستنی مافەكانی گەلی كوردستان و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆكەی ناتەندروست و سەركێشانە دەبینێتەوە."

 

سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2003 لە ڕووخانی ڕژێم، بنیاتنانی عێراقی تازە و داڕشتنی دەستوور دەڵێ، ئەو ڕۆڵە بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بوو، هەمووان وایان دەزانی كە لە دەستووری عێراقدا ئەرك و مافەكانی هەموو لایەك جێگیر بووە و حوكمڕانانی عێراق ڕێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن. بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستكرا بە دژایەتیكردنی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان.

 

لەبارەی پشتیوانی حکومەتەکی عەلی زەیدی، سەرۆک بارزانی جەخت دەکاتەوە، "لە چارەسەركردنی كێشەكان پاڵپشتی بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئێستاش كە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و ڕۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاو دەكرێتەوە."

 

سەرۆک بارزانی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە چۆن هاوکاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە ڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە."

 

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆک بارزانی هاتووە: "پێویستە هەموو لایەك دەست بە بنەماكانی دەستوورەوە بگرین و لەو وڵاتەی بۆ ڕزگاربوونی لە دیكتاتۆریەت و گەیشتن بە ئازادی ڕەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاكم بێت و هیچ كەسێك پشت بە زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست نەبەستێت."

 

لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی سەرجەم بڕیارەکانی حکومەتی فیداڵ ڕەت دەکاتەوە و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێ، هەرێم لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی گەلی كوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتۆتەكایەوە و خاوەن مافی ڕەوای خۆیەتی و ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك.