لایەنێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان هۆشداریی توندی لەبارەی بڕیارە نوێیەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان و کەرتی نەوت بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و قۆرخکردنی مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵدا، پێشهاتێکی مەترسیدارە.
بە گوتەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەم بڕیارانە درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەن دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدراڵیزم لاواز دەکەن، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرچەندە بزووتنەوەکە پشتیوانی لە بنبڕکردنی قاچاخچێتی، چەسپاندنی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران دەکات، بەڵام نابێت چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستوور و بچووککردنەوەی پێگەی کورد.
بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکات و دەستوور بکاتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها جەخت دەکاتەوە پێویستە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵیی دانپێدانراو بپارێزرێن، بە بڕوای بزووتنەوەکە، بەڕێوەبردنی کەرتی وزە، نەوت و گاز دەبێت وەک ئەرکێکی هاوبەش و دەستووریی نێوان هەردوولا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پەرتەوازەیی ناوخۆیی، لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکان و نەبوونی حوکمڕانییەکی دروست پێگەی هەرێمی کوردستانیان لاواز کردووە و دەرفەتیان بۆ پاشەکشەپێکردنی مافە دەستوورییەکان ڕەخساندووە.
لەم سۆنگەیەوە بزووتنەوەی گۆڕان، بانگەوازێکی نیشتمانی ئاڕاستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات بە زووترین کات کۆببنەوە و ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، ئاشتکردنەوەی خەڵکی کوردستان و بەرگریکردنە بە یەک گوتار لە ئیرادەی سیاسی و مافە دەستوورییەکان.