وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ ڕادەگەیەنێت و دەڵێ، بە بەیاننامە و دەربڕینی هەڵوێست کێشەکان چارەسەر ناکرێن.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند، کۆنووسێکی هاوبەشی واژۆکراو لەبارەی دەروازە سنوورییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەیە؛ کە ئەنجوومەنی وزاری پەسەندی کردووە، کەچی چەندین مانگە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناکرێت، کەواتە حکومەتی فیداڵ ڕێگری لە دەکات.
سەبارەت هاوکاری حکومەتەکەی عەلی زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ڕێبەر ئەحمەد دەڵێ، چەندین داواکراویان لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە و ڕادەستی بەغدایان کردووەتەوە.
وەزیری ناوخۆ لەبارەی چارەسەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕێگەی بەیاننامە و دەربڕینی هەڵوێست کێشەکان چارەسەر ناکرێن، بەڵکو ئامادەی هەموو هەماهەنگییەک و کاری هاوبەشن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان.
حکومەتی فیدراڵ ژمارەیەک بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، ڕێبەر ئەحمەد گوتی: "ئێمە پابەندی هیچ ڕێنماییەک و یاسایەک نابین کە پێچەوانەی دەستوور بێت، هەر هەڵوێستێکیش لەگەڵ دەستوور بگونجێت جێبەجێی دەکەین."
وەزیری ناوخۆ جەخت لە کێشە بنەڕەتییەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەکاتەوە و دەڵێت: "کێشەمان لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەکردنی یاسایەک هەیە کە پێچەوانەی دەستوورە، ئێمە باوەڕمان بە دیموکراسییەت هەیە و لەسەر ئەو بابەتانە تەنازول ناکەین."
سەبارەت بە جێگریکردنی سوپای عێراق لە دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ گوتی: "بەپێی دەستوور دامەزراوەی ئەمنیمان هەیە و پێویستمان بە هاوکاری عێراق نییە بەڵکو هاوکار دەبین لە ڕێگریکردن لە قاچاخچییەتی."