بافڵ تاڵەبانی لەبارەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دەبێت بەگوێرەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن.
ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ رووبەڕوومان دەبنەوە، دەبێت بە دەستووری عێراق چارەسەری ناکۆکییەکان بکرێت و لەم قۆناخەدا دەبێت دانایی، سەقامگیری و سەروەریی یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوە بن."
سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆی جددی و بونیادنەر تاکە ڕێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو هاووڵاتییان و پاراستنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا؛ دیپلۆماسیەتی ئاشتییانە، ڕێزگرتنی دوولایەنە و چارەسەرە دەستوورییەکان وەک تاکە ڕێگە بۆ بەرەوپێشچوون.
سەبارەت بە ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کرد، گەندەڵی متمانەی هاووڵاتییان تێکدەدات و دامەزراوەکانمان لاواز دەکات دەبێت شەفافیەت بەردی بناخەی حوکمڕانی بێت؛ بۆیە دەبێت بە تووندی رووبەڕووی ببینەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاتووە: "شانازی بە ناسنامەی کوردیمان و مافەکانی گەلەکەمانەوە دەکەین کە دوای خەباتێکی سەخت بەدەستهاتوون، پابەندین بە پاراستنی شکۆ، خاک و پێگە دەستوورییەکەمان هەر کاتێک پێویست بکات."
لە کۆتاییدا بافڵ تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە، گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان شایستەی ئارامی، خۆشگوزەرانی و سەرکردایەتییەکی بەرپرسیارن.