سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا ڕاگەیەنراو و بڕیارە نوێیەکانی حکومەتی عێراقی بەرامبەر هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە و داوای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی كرد.
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا سەبارەت بە هەنگاوەکانی بەغدا ڕایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا کراوە و ڕاگەیەنراوەکەی حکومەتی عێراق جێگەی قبووڵکردن نین. به گوتهی ئهو ههر هەنگاوێک لەگەڵ دەستووری عێراقدا بگونجێت قبووڵی دەکەن و هەر شتێکیش نادەستووری بێت قبووڵی ناکەن.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "تووشی سەرسوڕمان بووین کە بڕیارەکانی ئەمڕۆمان بینی، لەگەڵ گفتوگۆکانی ڕابردوومان ناگونجێت."
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا کە پەیامەکەی عەلی زەیدی سەبارەت بە هاتنی هێزی عێراق بۆ دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێگەی سەرسوڕمان بووە و بەغدا بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات؛ هاوکات دووپاتی کردەوە کە لە هەموو شتێکی دەستووریدا هەرێمی کوردستان ئەرک و مافی خۆی هەیە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و دۆخی ناوخۆ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا دانەخستووە و گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور بێت."
هەروەها ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەڵپەساردنی ناکۆکیی نێوخۆیی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و جەختی کردەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی حیزبی گەورەترە و لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبییەوەیە.
ئەم پەیامەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ حکومەتی عێراق چەندین بڕیاری تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.