دوای بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان، یەکێتی و پارتی جەخت دەکەنەوە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان، هێلی سوورن.
ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی لێدوانەکەی گوتەبێژی عەلی زەیدی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "پێشهات و ڕێوشوێنانەی لەم چەند ڕۆژەدا کە لە عێراقدا لە ئارادایە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن."
سەبارەت بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، یەکێتی و پارتی دەڵێن: "هەموو لایەک پێویستە پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت دەبێ دەستوور لە نێوانیان ناوبژیوان بێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی، هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە زیاتری داوا نەکردووە و بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان، یەکێتی و پارتی جەخت دەکەنەوە، جگە لە دەستوور هەر ڕێوشوێنێک و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان دژی دەستوورە.
لە بەشێکی راگەیێنداوە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی هاتووە: "هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێلی سوورن."
لە کۆتاییدا یەکێتی و پارتی ئاماژە بەوە دەکەن: "ئێمە لەگەڵ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتنین، بڕیاری تاک لایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق ناکات."