موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە ئێرانییەکان کرد منداڵ بخەنەوە و ژمارەی دانیشتووان زیاد بکەن و ئەوەی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هێز و پێشکەوتنی وڵاته‌كه ناو برد.

 

ئەمڕۆ دەزگای هەواڵی تەسنیم بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی لەلایەن مەرزیە وەحید دەستجەردی، بەرپرسی کارگێڕیی بارەگای نیشتمانی دانیشتووانەوە لە چوارەمین خەڵاتی نیشتمانی گەنجبوونی دانیشتوواندا خوێندراوەتەوە.

 

خامنەیی کە تا ئێستا لە شوێنە گشتییەکاندا دەرنەکەوتووە، گوتی: "دەبێت کەموکوڕییەکانی هەندێک لە ڕێبازەکانی ڕابردووی دانیشتووان قەرەبوو بکرێنەوە و ئاسانکاری بۆ هاوسەرگیریی گەنجان و منداڵخستنەوە بکرێت."

 

ناوبراو دووپاتی کردەوە کە هەر ئێرانییەک داهاتوویەکی ڕوونی دەوێت، پێویستە ئامادەیی و ویستی هەبێت بۆ درێژەدان بە نەوەی نوێ لە ئاستی شارستانییەتی نوێی ئیسلامیدا.

 

ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە، کە سەرەڕای زیاتر لە 10 ساڵ بانگەشەی حكومه‌ت بۆ منداڵخستنەوە، ئامارە فەرمییەکان ئەوە دەردەخەن کە ژمارەی لەدایکبوونی ساڵانە لە ئێران لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا نزیکەی 43% کەمی کردووە.

 

هاوکات مەرزیە وەحید دەستجەردی لە زاری وەزارەتی تەندروستییەوە ڕایگەیاند، کە تێکڕای وەچەخستنەوە لە ساڵی 2025دا بۆ 1.34 منداڵ بۆ هەر ژنێک دابەزیوە، کە زۆر کەمترە لە ئاستی جێگرەوەی دانیشتووان (2.1 منداڵ).

 

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاو کراونەتەوە، ژمارەی هاوسەرگیرییە تۆمارکراوەکان لە ئێراندا لە 890 هەزارەوە لە ساڵی 2010دا بۆ 431 هەزار هاوسەرگیری لە ساڵی 2025دا دابەزیوە؛ هەروەها زانیارییەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە لە ئەمساڵدا نزیکەی 497 هەزار منداڵبوون تۆمار کراون.

 

ماڵپەڕی ئێران وایر ئەوەی خستووەتە ڕوو، کە موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ڕێگەچارەیەکی ئابووریی دیاریکراو داوای زیادکردنی منداڵخستنەوەی کردووە؛ بەپێی بڵاوکراوەکە، تێچووی مسۆگەرکردنی خانوو، خواردن، چارەسەری پزیشکی و خوێندنی منداڵان لەگەڵ هەڵاوسان و نەبوونی ئاسایشی کار، ڕێگرە سەرەکییەکانی بەردەم هاوسەرگیری و منداڵخستنەوەن لە ئێراندا.

 

ئەم هەڵوێستە درێژکراوەی ڕێبازی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە سەرەتای دەیەی 2010دا داوای زیادکردنی دانیشتووانی وڵاتەکەی بۆ لانی کەم 150 میلیۆن کەس کردبوو و لە ساڵی 2021دا یاسای پاڵپشتی خێزان و گەنجبوونی دانیشتووانی لێ کەوتەوە.