گرتە ڤیدیۆیەکی بڕدراوی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی نێوان بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەندرێی بابیش، سەرۆکوەزیرانی کۆماری چیک، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مشتومڕێکی زۆری دروست کردووە، کە تێیدا وا نیشان دەدرێت سەرۆکوەزیرانی چیک تەوقەی لەگەڵ نەتانیاهۆ ڕەت کردبێتەوە و بە دەربڕینی توند هێرشی کردبێتە سەر ئیسرائیل.

 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی مەنی کۆنترۆڵ (Moneycontrol) بڵاویکردەوە کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە و تێیدا وا دەر دەکەوێت ئەندرێی بابیش لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل ڕاستەوخۆ وەڵامی دەستی درێژکراوەی بنیامین نەتانیاهۆ نەداتەوە.

 

به‌پێی ژمارەیەک بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەندرێی بابیش، سەرۆکوەزیرانی کۆماری چیک لەو کۆنگرەیەدا بە نەتانیاهۆی گوتووە: "ئێوە بکوژ و دروستکەری تیرۆرن و تۆمارەکانتان پڕە لە تاوان دژی منداڵان."

 

بەپێی ڤیدیۆ فەرمییە 12 خولەکییەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی ئیسرائیل (GPO) لە سەرۆکوەزیرانی کۆماری چیک ئەو قسانەی نەکردووە؛ لە تەواوی وتارەکەیدا (لە خولەکی 05:44 تا 11:53)، بابیش بە وشەی 'ئازیزم بیبی' بانگی نەتانیاهۆی کردووە و سوپاسی میواندۆستی گەرم و گفتوگۆ دۆستانەکانی ئیسرائیلی کردووە.

 

سەبارەت بە ساتەوەختی تەوقەکردنەکەش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڕدراوە، ڤیدیۆ تەواوەکە نیشانی دەدات کە لە خولەکی 05:39دا و دوای تەواوبوونی گوتاری نەتانیاهۆ، هەردوو سەرۆکوەزیران تەوقەیەکی گەرمیان کردووە؛ دواتر لە خولەکی 11:53دا، کاتێک نەتانیاهۆ دەستی درێژ دەکات بۆ ماڵئاوایی، بابیش پەنجەی بەرز دەکاتەوە تا سه‌رنجێكی کۆتایی زیاد بکات و بۆ ماوەی نزیکەی 15 چرکە قسە دەکات، پاشان لە خولەکی 12:08دا هەردووکیان بە زەردەخەنەوە تەوقە دەکەن و چەپڵە لێ دەدەن.

 

لە سه‌رنجه‌ کۆتایییەکەیدا کە بڕگەی بڕدراوەکەی لەسەر دروست کرابوو، بابیش ستایشی وڵاتەکەی خۆی کرد و گوتی: "کۆماری چیک وڵاتێکی زۆر ئارامە و داهاتووی ئەوروپایە، زۆر کەس لە ئەڵمانیاوە دەگوازنەوە بۆ کۆماری چیک و باشترین وڵاتە بۆ وەبەرهێنان."

 

پێشتریش لە وتارەکەیدا باسی لە سەرسامیی خۆی بە سیستەمی بەرگریی دژەمووشەکی ئیسرائیل کرد کە بە ئەڵمانیا فرۆشراوە، هەروەها گرێبەستی ساڵی 2021ی حکومەتەکەی بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی 'سپایدەر'، هاوکارییەکانی بواری زیرەکی دەستکرد، دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی سەربازیی نوێ لە پراگ و بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە.

 

لە بەرامبەردا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارەکەیدا باسی لە جەنگی ناوچەکە کرد و گوتی: "مووشەکەکانی ئێران، تیرۆرەکەی و خولیا ئەتۆمییەکانی لە سنووری ئیسرائیلدا ناوەستن؛ ئەوروپا بینەر نییە، ئەوروپا ئامانجە."