ئارین بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوەندەیشن لە گوتارێکدا لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاواندا بەخێرهاتنی گەنجانی کوردستان، لاوانی جیهان و میوانانی وڵاتانی عەرەبی بۆ شاری هەولێر کرد و خۆشحاڵی خۆی بە کۆبوونەوەی لاوانی جیهان لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا دەربڕی.
ئەمڕۆ ئارین مهسرور بارزانی لە میانەی وتارەکەیدا لە لووتکەکە ڕایگەیاند، کە کوردستان هەزاران ساڵە مەڵبەندی پێکهاتە و کولتوور و شارستانیی جیاواز بووە. ئاماژەی بەوەش دا کە سەرەڕای ئەوەی گەلی کوردستان ڕووبەڕووی سەردەمانی شەڕ لەپێناو مانەوەدا بووەتەوە، هەرگیز خواست و ئیرادەی بۆ بەردەوامبوون و پێشکەوتن لەدەست نەداوە.
دامەزرێنەری کوردستان فاوەندەیشن باسی لەوە کرد کە کورد هەمیشە ئومێدی بە داهاتوویەکی باشتر هەبووە و گوتی: "لە پێناویدا، بە سەرکردایەتی ڕابەری باڵای گەلەکەمان جەنابی سەرۆک بارزانی و تێکۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە، لە هەوڵدان بەردەوام بووین."
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، ئارین بارزانی بە هۆنراوەیەک پەیامی وەفاداریی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی:
"جەنابی سەرۆک بارزانی، خۆری ئاسمانی کوردستان،
لە تۆ فێربووین کە ڕاستگۆ بین، خاوەنی بەڵێن و پەیمان.
شوێنپێکانت چرامانە، مێژووی تۆ ناسنامەمانە،
سۆز و بەڵێنت پێ دەدەین، ڕێبازەکەت ڕێگامانە."
هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە بێ جەنابیان مێژوو نییە و حیکمەت تەنیا لای حەکیمە، و هیوای ساغی و سەرکەوتنی بۆ خواست.
یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی گەنجانی ناوخۆ، میوانانی وڵاتانی عەرەبی و لاوانی سەرانسەری جیهان بەڕێوە دەچێت.