کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق ڕەتی کردەوە دابینکردنی غازی شل و نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕاگیرابێت و نووسراوە بڵاوکراوەکەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش تایبەتە بە ژمارەیەک کارگە و کۆمپانیای پیشەسازی.
ئەمڕۆ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا وردەکاریی نووسراوهكهی ڕوون كردهوه و ڕایگهیاند، كه ئەو نووسراوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە و تایبەتە بە ڕاگرتنی پێدانی بەرهەمە نەوتییەکان بە کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک غازی شلی هاووڵاتییان (غازی چێشتلێنان)، کارگەکانی غازی شل لە هەرێم و نەوتی سپیی دابینکراو بۆ هاووڵاتییان ناگرێتەوە.
سەبارەت بە کارگە پیشەسازییەکان، کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە داوە، کە پشکی ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی بڕیارە کاتییەکە دەیانگرێتەوە، دوای پێشکەشکردنی پشتگیرییەکی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازیی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی خەرج دەکرێنەوە.
مەرجی پشتگیرییەکە بریتییە لە سەلماندنی دروستیی مۆڵەتی دامەزراندن، بوونی ڕەزامەندییە یاسایییەکان، بەردەوامی کارکردن و بەکارهێنانی بەرهەمە وەرگیراوەکە وەک ماددەی خاو بەپێی دەرەنجامەکانی بەرهەمهێنان.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە کە وەزارەتی نەوت پەرۆشی دابینکردنی مافی هاووڵاتییانە لە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی تەواوی هاووڵاتییانی تر لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا.
ئهمه لهكاتێكدایه، دوێنێ نووسراوێک به واژۆی كۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بڵاوكرایهوه و تیایدا بریاری ڕاگرتنی سەرجەم پشکە تەرخانکراوەکانی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دهرچوو و باس لهوهش دهكرا، كه گوایه دابینکردنی غازی شل و نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دهوهستێت.