هەولێری پایتەخت دەرگاکانی بە ڕووی جیهاندا کردەوە و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە کوردستان بەفەرمی دەستیپێکرد.
ئەم کۆبوونەوە جیهانییە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا و لەژێر دروشمی 'نەخشاندنی داهاتوو'دا لەلایەن کوردستان فاوەندەیشنەوە ڕێک خراوە و ماوەی 3 ڕۆژ تا 26ی تشرینی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت.
لەم لووتکەیەدا زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان، عێراق و 47 وڵاتی جیهانەوە لەگەڵ وەزیران، کاربەدەستانی حكومی، سەرمایەداران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و سەرکردە گەنجەکان لەسەر یەک سەکۆ کۆبوونەتەوە.
بەپێی کارنامەی لووتکەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕێکی تایبەتدا بەشدار دەبێت و ڕاستەوخۆ تیشک دەخاتە سەر پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکانی گەنجان.
لەم سەکۆ جیهانییەدا گەنجان تەنیا گوێگر نین، بەڵکوو شان بە شانی وەزیران دادەنیشن و هەموو کۆڕەکانی ڕۆژی یەکەمیش لەلایەن گەنجانی خوار تەمەنی 30 ساڵەوە بەڕێوە دەبرێن.
ئارین مەسرور بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوەندەیشن لە پەیامێکدا بۆ لووتکەکە گوتی: "کوردستان دەرگاکانی بە ڕووی لاوانی جیهاندا دەکاتەوە، نەک تەنیا وەک میوان، بەڵکوو وەک هاوبەش لە نەخشاندنی داهاتوودا."
کارۆخ عوسمان، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کوردستان فاوەندەیشن ئاشكرای كردووه، كه ئامانج لە ئەنجامدانی لووتکەکە کۆکردنەوەی لاوانی جیهانە لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای حكومی و بڕیاربەدەستان بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکان و بەهێزکردنی لاوان.
سەرجەم گفتوگۆکان لە چوارچێوەی 5 بواری سەرەکیدا ڕێک خراون کە بریتین لە گۆڕانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد، پەروەردە و لێهاتوویی، کەشوهەوا، داهاتووی کار و تەکنەلۆژیا، هەروەها سەرکردایەتی و هەلی کاری سەوز.
لە ماوەی ئەم 3 ڕۆژەدا، کۆڕەکانی گفتوگۆ، 6 وتاری سەرەکی، 10 مێزی گفتوگۆ لەنێوان گەنجان و وەزیراندا، 12 کارگەی ڕاهێنان و واژۆکردنی 4 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن.
لە کاتێکدا ڕۆژی یەکەم بۆ وتار و کۆڕە سەرەکییەکان تەرخان کراوە، ڕۆژی دووەم تایبەت دەبێت بە دیپلۆماسی، ڕێککەوتن، 10 کێشە و 10 چارەسەر لەگەڵ 10 مێزی ڕامیاریی گشتی.
لە ڕۆژی سێیەم و کۆتاییی لووتکەکەدا 4 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێن کە بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی گەنجان، ڕاهێنان و بەهێزکردنی توانا بۆ لاوانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن.
ڕەوان بنت نەجیب تۆفیقی، وەزیری کاروباری لاوانی بەحرەین ڕای گەیاند کە تۆڕی هیوا خاوەنی 54 ئەندامە لە جیهاندا و ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار بە دەستپێشخەریی کوردستان فاوەندەیشن بەشداری لەم لووتکەیەدا دەکەن تا وڵاتان و دامەزراوەکان لە یەکتر فێر ببن.
کوردستان فاوەندەیشن تۆڕێکی ڕێکخراوەیی سەربەخۆی دەرەوەی حكومهته کە لە ساڵی 2024دا لەلایەن ئارین مەسرور بارزانییەوە دامەزراوە و لەسەر 3 کۆڵەکەی نیشتمانیبوون، بونیادنان و پێشکەوتن کار بۆ بەهێزکردنی گەنجان دەکات.
ئەم تۆڕە لە ڕێگەی 6 بەرنامە و دامەزراوەی وەک (Youth Hub)، (10 گرفت 10 چارەسەر)، (Climate.KRD)، (Jobs.KRD)، (Volunteer.KRD) و (Empower.KRD) چالاکییەکانی بۆ ڕاژەی لاوان بەڕێوە دەبات.
کوردستان فاوەندەیشن کە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی جیهانیی گینسە بۆ گەورەترین کۆبوونەوە بە جلوبەرگی کوردی، تا ئێستا زیاتر لە 2 میلیۆن کەس لە بەرنامەکانی سوودمەند بوون و تەنیا لە ساڵی 2026دا 38 بەرنامەی بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کردووە.