سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاواندا لە هەولێر بەشداریی لە کۆڕێکی تایبەتدا کرد و چەندین پەیام و لایەنی نەبیستراوی ژیانی خۆی بۆ گەنجان خستە ڕوو؛ لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا نزیکەی 800 کەس لە 47 وڵاتی جیاوازەوە ئامادە بوون و ژمارەیەکی زۆری تریش لە ڕێگەی سەرهێڵ و شاشەکانەوە سهیری کۆڕەکەیان دەکرد.
ئهمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی له لووتکەی جیهانیی لاواندا و لە دەستپێکی قسەکانیدا بەگەرمی بەخێرهاتنی هەموو میوانان و بەشداربووانی کرد و ڕایگهیاند، بەخێربێن بۆ هەولێر، بەخێربێن بۆ کوردستان، بەخێربێن بۆ ماڵی خۆتان.
هاوکات دەستخۆشیی لە کوردستان فاوەندەیشن کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم لووتکە ناوازەیە بۆ یەکەم جار لە هەولێر و هیوای خواست ببێتە سەرەتایەک بۆ بەستنەوەی پەیوەندیی نێوان لاوانی کوردستان و لاوانی جیهان.
سەبارەت بە ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕوونی كردهوه، كه ئەم لووتکەیە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوون و دەرخستنی توانای گەنجانی کوردستان هاوشانی گەنجانی جیهان تا پێکەوە وڵاتێکی باشتر و سەقامگیرتر بنیات بنێن.
ناوبراو گوتی: "بەشداریی ئێمەش بێگومان بۆ پشتیوانیکردنە لە توانای گەنجانی خۆمان لەم جۆرە بۆنانەدا و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم."
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕووی لە نەوەی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و ئەوەی خستە ڕوو، کە گەنجان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن. لەم بارەیەوە پەیامێکی گرنگی گەیاندە نەوەی نوێ و گوتی: "ئەم نەوەیە نازانێت ژیانی ژێردەستەیی چۆنە و هیوادارم هەرگیز وەکوو نەوەی پێشوو نەژین."
لە تەوەرێکی ئابووریی کۆڕەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لە دەستکەوتەکانی حكومهت کرد و ئاشکرای کرد کە دەستکەوتی گەورە لە سەرجەم بوارەکاندا بەدەست هاتوون. هەروەها دووپاتی کردەوە کە کار بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکەن و لە داهاتوودا گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتوگوزار دەدەن.
سەرۆکوەزیران لە میانەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر لایەنی مرۆیی و هاوکاریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا. لەو چوارچێوەیەدا گوتی: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەبێ جیاوازی خزمهتی خەڵکی کردووە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سەرکردە لە دایک دەبێت یان دروست دەکرێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێی وابوو کە هەردووکیەتی. ڕوونی کردەوە کە بەشێکی پەیوەندیی بە لایەنی بۆماوەیی، توانای جەستەیی و بیرکردنەوەوە هەیە کە خودا تا ڕادەیەک یارمەتی دەدات، بەڵام بەشەکەی دیكهی پەیوەستە بە خۆپێگەیاندنی کەسەکە لەناو کۆمەڵگەدا.
بەوردی باسی قۆناغەکانی دروستبوونی سەرکردەی کرد و گوتی: "گرنگە لە تاقیکردنەوەکانی ژیاندا چۆن خۆت تاقی دەکەیتەوە، فێر دەبیت لە دەوروبەرت، چۆن بڕیاری دروست دەدەیت و بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا بێهیوا نابیت." ئەوەشی خستە ڕوو کە هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی کەسایەتی سەرکردە دەبێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد کە هەر کەسێک لە ژیانی خۆیدا جۆرە سەرکردایەتییەک لە بەڕێوەبردنی ژیان و خێزان و کۆمەڵگەکەیدا دەکات، بەڵام تا پێگەی لەناو خەڵکدا فراوانتر ببێت، ئەرکی سەرکردەش قورستر دەبێت. دووپاتی کردەوە کە دروستکردنی باوەڕ، تێگەیشتن، گوێڕاگرتن و تێکەڵبوون لەگەڵ هاووڵاتی ئەرکێکی یەکجار گرانە و سەرکردەی سەرکەوتوو ئەوەیە بتوانێت باوەڕی خەڵکی خۆی بەدەست بهێنێت.
لە بەشێکی تردیكهیی گفتوگۆکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەردەی لەسەر ئارەزووی منداڵی خۆی هەڵدایەوە و گوتی: "هەر لە زۆر منداڵییەوە ئارەزووی لە وێنەکێشان بووە." ئاشکرای کرد کە بە یارمەتی هەندێک مامۆستا فێری وێنەکێشانی ڕۆنی لەسەر تابلۆی قوماش بووە بە شێوەیەکی پیشەیی و دواتریش لە زانکۆ پەرەی پێ داوە و هەر کاتێک دەرفەتی هەبێت خۆی پێوە خەریک دەکات.
سەبارەت بە کاتی پشوودان و ئارەزووەکانی لە دەرەوەی کاردا، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، کە کاتێکی زۆری نییە، بۆیە ئەو ماوە کەمەی هەیەتی ئارەزوو دەکات لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیدا بەسەری بەرێت. هاوکات گوتی: "ئەگەر زیاتر لەوە دەرفەتم هەبێت، ئارەزووم لە ئەسپسوارییە، وەرزش دەکەم و زۆر ئارەزووم لە سروشتە تا بچمە دەرەوە و سروشتی جوان و خۆشمان ببینم."
دەربارەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان، سەرۆکوەزیران بە پێکەنینەوە باسی ئەوەی کرد کە زۆر لێیان نازانێت، بەڵام کاتێک گەنجتر بووە و ئارین زۆر منداڵ بووە، هەندێک جار لەگەڵیدا یاریی تۆپی پێی کردووە. سەرۆکوەزیران گوتی: "بەڵام هەموو جار لێی دەبردمەوە."
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یادەوەرییەکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ برازا و خوشکەزاکانی گێڕایەوە کاتێک ویستوویەتی لەگەڵیان یاری بکات و گوتی: "بیستم یەکێکیان لەگەڵ ئەوی تر قسە دەکات و گوتی با خۆمان بدۆڕێنین و لێی گەڕێین بیباتەوە، دوای ئەوە هەستام و گوتم بە خودا یاریتان لەگەڵ ناکەم."
سەرۆکوەزیران شادمانی خۆی دەربڕی ئەگەر گەنجانی کوردستان بگەنە ئەو ئاستەی خۆیان یاریی ئەلیکترۆنی دروست بکەن و پێشنیازی کرد کە زۆر یاریی کۆنی کوردی هەن دەتوانن لە ڕێگەی ڤیدیۆ و تەکنەلۆژیاوە زیندوویان بکەنەوە تا هەموو کەسێک سوودیان لێ ببینێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی گەنجان و منداڵان کرد تا فێری تەکنەلۆژیا ببن، بەڵام هۆشداریی دا کە نەبێتە جێگرەوەی ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خێزان و دایک و باوک و هاوڕێیان؛ دووپاتی کردەوە کە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان جیهانی نوێ و جیهانی ڕاستەقینەدا زۆر گرنگە تا لێی دانەبڕێن.
لە تەوەرێکی دیكهدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چیرۆکی چوونە ڕیزی پێشمەرگەی لە تەمەنی 16 ساڵیدا گێڕایەوە کاتێک لە وڵاتێکی دراوسێ پەنابەر بوون و ساڵێکی مابوو بۆ تەواوکردنی دواناوەندی. ئەو باسی لەوە کرد کە هەموو ئەو گەورانەی شانازیی پێوە دەکردن لە باوکی و کەسوکاری پێشمەرگە بوون، بۆیە هاوینان ئارەزووی دەکرد ژیانی پێشمەرگایەتی بژی و چەک هەڵبگرێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە ژیانی پەنابەرایەتی ئاسان نەبووە، بەڵام بوونی بە پێشمەرگە لە ناچارییەوە نەبووە. لەم بارەیەوە گوتی: "هەست بە ئازادییەک بکەیت لەم شاخ و داخانە وەکوو پێشمەرگە بژیت، شتێک بوو بەڕاستی زۆر پێم خۆش بوو، کەواتە لە ئارەزوو و ویستی خۆم بوو کە دەمویست ببم بە پێشمەرگە."
سەبارەت بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە ژیاندا، سەرۆکوەزیران ئەوەی خستە ڕوو کە هەموو کەسێک ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەبێتەوە و مەرج نییە هەموو جارێک خۆت بتەوێت. گوتی: "هەندێک جار بەرپرسیارێتی یەخەت دەگرێت، بتەوێت و نەتەوێت، هەریەکە بە ئەندازەی دۆخی خۆی دەبێت ڕووبەڕووی قورسیی ژیان و بەرپرسیارێتی ببێتەوە."
دەربارەی فێربوونی زمان، سەرۆکوەزیران گێڕایەوە کە لە تەمەنی 17 ساڵیدا دواناوەندیی تەواو کردووە و تا نزیکەی 22 ساڵی نەیتوانیوە بگەڕێتەوە زانکۆ. دوای ئەوە چووەتە لەندەن و بەریتانیا، دواتر بۆ زانکۆ لە ئەمریکا، کە تێیدا هەوڵێکی لێبڕاوانەی داوە تا زمانی ئینگلیزیی خۆی بەهێز بکات.
لە کۆتاییدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە بایەخەوە لەسەر زانینی زمان قسەی کرد و گوتی: "پێم وایە تەکنەلۆژیا ناتوانێت جێگرەوەی فێربوونی زمان بێت، چونکە هەر کەسێک زمانێک زیاتر بزانێت هێزی مرۆڤێکی تر لە خودی خۆیدا دروست دەکات."
ئەوەشی خستە ڕوو کە لەم جیهانە بچووکبووەوەیەدا فێربوونی زمانەکانی دەوروبەر و جیهان سوودی زۆرە و ئێستاش ئارەزوو دەکات ئەگەر بتوانێت زمانێکی تریش فێر ببێت.