دادگا ناوخۆییەکانی ئێران بەهۆی زرەر و زیانەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەیان بڕیاریان لەسەر سەپاندنی قەرەبوویەکی دارایی گەورە بەسەر ئەمریکادا داوە.
ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، حەسەن عەبدولیانپوور، سەرۆکی ناوەندی پارێزەرانی دەسەڵاتی دادوەری، دەرچوونی حوکمی دادگا ناوخۆییەکانی بە بڕی 290 ملیار دۆلار قەرەبوو دژی ئەمریکا پشتڕاست کردووەتەوە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، ئەم بڕیارانە زیانە کەڵەکەبووەکانی کردەوەکانی واشنتن لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا دەگرێتەوە، هاوکات عەبدولیانپوور جەختی کردەوە، چەندین سکاڵای یاسایی دیکەش دژی وڵاتانی عەرەبی کەنداو تۆمار کراون بە تۆمەتی ڕێگەدان بە بەکارهێنانی خاکەکانیان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
لە هەمان کاتدا مەجید ئەنساری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی ڕایگەیاند، تاران لە دادگاکانی ئەمریکا و 4 وڵاتی ئەوروپاش ڕێکاری یاسایی دژی ئەو هێرشانە گرتووەتە بەر، بە وتەی ئەو بەرپرسە، تا ئێستا زیاتر لە 2 هەزار سکاڵا لە دادگا ناوخۆییەکان بۆ نوێنەرایەتیکردنی کەسوکاری 5 هەزار کوژراو تۆمار کراون و دۆسیەکان لە دادگای سکاڵاکانی ئێران و ئەمریکاشدا کاریان لەسەر دەکرێت.
سەرەتای ئەم پەرەسەندنە سەربازی و یاساییانە بۆ جەنگەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ـی شوباتدا دەگەڕێتەوە؛ لەو ڕۆژەدا ئەمریکا و ئیسرائیل شەپۆلێک هێرشیان دەست پێکرد و تێیدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران کوژرا.
لە وەڵامدا، تاران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە و ڕایگەیاند، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، دواتر لە مانگی حوزەیراندا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە ئیسلامئاباد لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا و بڕگەیەکی بۆ پلانێکی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران بە بەهای لانی کەم 300 ملیار دۆلار لەخۆ گرتبوو.
زیاتر لە چەند دەیەیەکە، وڵاتی ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە لەژێر سزا قورسە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە، ئەم دۆسیە و داواکارییە یاساییانەش لە کاتێکدان، یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بەهۆی ناکۆکی لەسەر ئازادیی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا جێبەجێکردنی پەکی کەوت و گرژییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن.