نیوەی بودجەی خانەنشینی هەرێم لە ڕەشنووسی 2027دا بڕدراوە و مەترسی لەسەر مووچەی خانەنشینان لە ساڵی نوێدا هەیە، چونکە بڕی 2 تریلیۆن دینار لە بودجەی خانەنشینی هەرێم کەم کراوەتەوە.
ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، کە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ی عێراق نیوەی بودجەی خانەنشینی هەرێمی بڕیوە و هیچ پارەیەکی بۆ دامەزراندنی دەرچووان دانەناوە.
ئەو وەزیرە گوتی: "لە ساڵی 2025دا 3 تریلیۆن و 190 ملیار دینارمان بۆ خانەنشینی دابەش کردووە، بەڵام بۆ ساڵی 2027 تەنیا 2 تریلیۆن دانراوە و بەمەش خانەنشینان ڕەنگە تەنیا 6 مووچەیان بەربکەوێت."
وەزیری دارایی ئاشکرای کرد، کە وەزارەتەکەی لە مانگی 8دا هەموو داواکارییەکانی بودجە و پێڕستی دامەزراندنی بە کۆنووس ڕادەستی بەغدا کردووە، کەچی پاداشتی خانەنشینی هەژمار نەکراوە و تێچووی بەگەڕخستنیش بۆ 600 ملیار دینار کەم کراوەتەوە.
ناوبراو ئەوەی خستووەتە ڕوو کە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هەرێمدا بە یاسای تێچووی کرداری هۆکاری پێدانی 5 یان 6 مووچە بووە لە ڕابردوودا، دووپاتیشی کردەوە کە سەرەڕای هەر ناکۆکییەک، هەموو مانگێک پێڕستی بودجە و مووچە بە واژۆی خۆی نێردراوەتە بەغدا تا خەڵک بێمووچە نەبن.
لە کۆتاییدا ئاوات شێخ جەناب داوای لە لایەنە کوردستانییەکان کرد ناکۆکییەکان وەلا بنێن و پێکەوە لە بەغدا بەرگری لە بودجە و مووچە و بژێویی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.