هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان باندێکی چەند کەسییان بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە ئامێری گزیکردنی تاقیکردنەوەکانەوە دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، لەلایەن نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، باندێکی 3 کەسی لە 2 کوڕ و کچێک دەستگیر کراون.
بە گوتەی وتەبێژی پۆلیس، تۆمەتباران کاری کڕین و فرۆشتنیان بە ئامێری گزیکردن و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەییەوە کردووە، هاوکات ئەو باندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سناپچات، تیکتۆک و تێلێگرامدا چەندین هەژماریان بۆ ڕیکلامکردن و ساغکردنەوەی کەرەستەکانیان بەکارهێناوە.
لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا، هێزەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر چەندین ئامێری تایبەت بە گزیکردن، بیستۆکی بچووکی ناو گوێ، پاتری، سیمکارت و کەرەستەی پەیوەندیداردا گرتووە، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، سەرجەم تۆمەتباران بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.
لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، لێکۆڵینەوە لە پەڕاوەکەیاندا بەردەوامە و مادەی 240ی یاسای سزادانی عێراقی سزای بەندکردن یان پێبژاردنی دارایی بۆ سەرپێچیکارانی فەرمان و ڕێنماییە فەرمییەکان دیاری کردووە.