بەرنامەی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی دوو ڕۆژ لە وەستانی بەهۆی کێشەی کۆمپانیای کۆرەکەوە دووبارە کارا کراوەتەوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند، دوای 2 ڕۆژ لە بوونی گرفتی تەکنیکی لە ناردنی کۆد بۆ ژمارە مۆبایلی کۆرەکی هاووڵاتییان، سیستەمی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی بە هەوڵی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئێستا بێ کێشە کار دەکات، دەرگای پێشکەشکردنی مامەڵەکان کرایەوە.
هاوکات سیامەند نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر پێشتر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندبوو، گرفتە هونەرییەکە لە ڕۆژی شەممەوە سەری هەڵداوە و تا ماوەیەک ڕوون نەببووەوە کێشەکە لە سیستەمەکەیە یان لە سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم بوو، بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکەش، بەڕێوەبەرایەتییەکە هەردوو لایەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و وەزارەتی بازرگانیی عێراقی ئاگادار کردبووەوە.
لەلایەکی دیکەوە مەریوان هادی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کردبوو، ڕاگیرانی گەڕانەوەی کۆد بۆ سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم گرفتی بۆ داواکارییەکانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە و دروستکردنەوەی کۆدی ونبوو دروست کردبوو.
بەپێی ئامارەکانی ئەو پارێزگایەش نزیکەی 110 هەزار کەس فۆڕمی خۆراکیان پڕ کردووەتەوە و زۆربەیان بەشداربووی کۆڕەک تیلیکۆمن بوون، بۆیە زۆرینەی مامەڵەکان ببوونە گۆڕینی ژمارەی مۆبایل.
لە سلێمانیش ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک بۆ پایتەخت میدیای پشتڕاستکردەوە، ئەوانیش هەمان کێشەیان هەبووە و وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەوانەی کۆدەکەیان لەبیر نەچووەتەوە توانیویانە بەرنامەکە بەکار بهێنن.
لە سنووری پارێزگای دهۆکیش، نزیکەی 265,000 کەس فۆڕمی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراکیان پڕ کردووەتەوە، حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک بۆ پایتەخت میدیای ڕوونکردەوە، بەهۆی نەهاتنەوەی کۆد کاروباری هەزاران کەس ڕاگیرابوو و دەبوایە وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێشوەختە ئاگاداریان بکاتەوە.
پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی بازرگانیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نوێکردنەوەی داتای هاووڵاتییان جێبەجێ دەکرێت، بەشداربووان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییە خێزانییەکانی وەک هاوسەرگیری و جیابوونەوە پشت بە ناردنی کۆدی دڵنیایی بۆ ژمارەی مۆبایلەکانیان دەبەستن.