بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دوا مۆڵەتی بۆ گواستنەوەی فۆڕمی خۆراکی بەشێک لە خاوەن کارتە ئەلیکترۆنییەکانی سووتەمەنی دیاری کرد و هۆشداریی لەکارکەوتنی کارتەکانیانی دا.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکە کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنییان لەسەر فۆڕمی خۆراکی دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سۆران و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ دروست کراوە.
بەپێی ئاگادارییەکە، پێویستە ئەو هاووڵاتییانە تاکو ڕێکەوتی 2026/12/31 فۆڕمی خۆراکەکانیان بگوازنەوە بۆ پارێزگای هەولێر و بۆ بنکەکانی ژمارە 201 تاکوو 223.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دووپاتی کردووەتەوە کە هەر کەسێک تاکو ئەو ڕێکەوتە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک نەکات، کارتەکەی لە کار دەکەوێت و ناتوانێت جارێکی تر لە وەرگرتنی بەنزین و غاز سوودمەند بێت.
کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی لە سنووری هەولێردا بۆ سوودمەندبوونی هاووڵاتییان لە وەرگرتنی هەردوو ماددەی بەنزین و غاز بەکار دەهێنرێت.